ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی ھەرێم رایگەیاند، پێویستە پەكەكە واز لە سیاسەتی لەكەداركردنی ناوبانگی ھەرێمی كوردستان بێنێت، دەشڵێت، "پەکەکە لە خۆپێشاندانەكانی سلێمانی و كۆچكردنی خەڵكیشدا رۆڵێكی كارای ھەبووە."
دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەكانی حكومەتی ھەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووە، پەكەكە ڕۆڵێكی نەرێنیی ھەبووە لە خۆپێشاندانەكانی سلێمانی و ھەرێمی كوردستان و لە زۆر بواری دیكەشدا دەستی ھەبووە. دەشڵێت، "ھەوڵیی داوە لە ڕێگەی ھەوادارانی خۆیەوە، ئەوانەی كە داوای رەوایان ھەیە، بە ئاقارێكی دیكەیدا ببەن.''
ڕێكخەری ڕاسپاردە
نێودەوڵەتیەكانی حكومەتی ھەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، ''نزیكەی ٦٠٠ گوند لە ھەرێمی
كوردستان بەھۆی پەكەكەوە چۆڵ كراون و خەڵكەكەی ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی
خۆیان".
لەبەشێکی دیکە
قسەکانیدا، دیندار زێباری ئەوەشی وتووە، "لە بابەتی ئەوانەی كۆچیان كردووە بۆ
سنووری وڵاتی بیلاڕووس و پۆڵەندا، پەكەكە لەگەڵ قاچاغچییەكان ھەم لە ڕووی ماددی و
ھەم لە ڕووی سیاسییەوە ڕۆڵێكی كارای ھەبووە، بۆیە یەكەم تۆمەت ئاراستەی پەكەكە دەكرێت،
دەشڵێت، "پێویستە پەکەکە واز لە سیاسەتی لەكەداركردنی ناوبانگی ھەرێم بێنێت".
لەبارەی ئەو کەسانەی
کە لە سلێمانی دەستگیرکراون، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەكانی حكومەتی ھەرێم باسی
لەوەشکردووە، ''لە سلێمانی خەڵكێك دەستگیركراوە و ئەوانەی گیراون ناسراون و زانیاریی
تەواو ھەیە کە سەر بە پەكەكەن و لە لێكۆڵینەوەكانی داھاتووشدا ئەوە باشتر ڕوون دەبێتەوە."
لەماوەی
رابردوودا، خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە
و داوای دەرماڵەکانیان کرد و دواتریش لە شاری سلێمانی و هەندێک شار و شار و شارۆچکەی
دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە دارى کارەبایى و گازى فرمێسک هەوڵى بڵاوەپێکردنیان
درا و بەو هۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون.