سەردێڕ:

خوێندکارانی ناڕازی: ئەوانەی لەگەڵ بەرپرسان کۆبوونەوە سەر بە خۆیانن و نوێنەرمان نین

PM:07:20:29/11/2021

15028 جار خوێندراوەتەوە

خوێندکارانی نارازی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا بڵاویانکردەوە، ئەو گەنجانەی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی و پارتیدا کۆبوونەتەوە سەر بە رێکخراوی قوتابیانن و کۆمەڵەی خوێندکارانن و دەشڵێن، "نوێنەری ئێمەی خوێندکاران نین و رێکخەر و بەشداری خۆپیشاندانەکانیش نەبوون."


لە راگەیەندراوەکەی خوێندکارانی ناڕازی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمدا هاتووە، "ئێمە وەکو ژمارەیەک خوێندکاری ناڕازی خۆپیشاندانەکان رایدەگەیەنین کە ئەو کەسانەی بەشداری کۆبونەوەکەبوون ڕێکخەرانی بێلایەنی خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران نەبوون".

 

لەبارەی کۆبوونەوەکەشەوە، خوێندکاران لە راگەیەندراوەکەیاند ئەوەیان خستوەتەڕوو، "ئەو کۆبونەوەیە لەسیناریۆیەک زیاتر بۆ کۆتایی هێنان بە ناڕەزاییەکان هیچی تر نەبووە".

دوێنێ یەکشەممە، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی، لەگەڵ بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان کۆبووە و دوای کۆبوونەوەکەش رایگەیاند، "هەوڵ دەدەین گرفتەکانی خوێندکاران چارەسەر بکەین".

هاوکات، لەبارەی کۆبوونەوەکەی سەرۆکی حکومەت و بەرپرسانی تری حزبی دەسەڵاتەوە، لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان، خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە راگەیەندراوەکەیاند ئاماژەی بەوەکردووە، "لە بری ئەوەی بەڵێنیان دابێت بە چارەسەرکردنی کێشەکە، سوکایەتییان بە خوێندکاران کردوە".

خوێندکارانی ناڕازی لە راگەیەندراوەکەیاند ئەوەیان خستوەتەڕوو، "هەموو ئەو خوێندکارانەی لە پێشەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان بوون و داوای مافەکانیان کردوین بانگهێشتی کۆبونەوەکە نەکراون".

لەماوەی رابردوودا، خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە و داوای دەرماڵەکانیان کرد و دواتریش لە شاری سلێمانی و هەندێک شار و شار و شارۆچکەی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە دارى کارەبایى و گازى فرمێسک هەوڵى بڵاوەپێکردنیان درا و بەو هۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون.

پێشتر، حکومەتی هەرێم بە پاساوی‌ خراپی‌ دۆخی‌ دارایی‌ و وەستانی‌ بودجەی‌ هەرێم لە بەغدا و دابەزینی‌ نرخی‌ نەوت و شەڕی‌ داعش دەرماڵەی خوێندکارانی بڕی، بەڵام کە لە ئێستادا ئەو پاساوانە بوونیشی نەماوە حکومەت دەستی بە دابەشکردنی دەرماڵە نەکردووەتەوە.

دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بڕە پارەیەک بوو کە لەلایەن حکومەتەوە بەسەر خوێندکاراندا دابەشدەکرا، کە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە هاتوچۆیان دەکرد ١٠٠ هەزار دینار، بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە لە بەشەناوخۆی دەمانەوە ٦٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی ناوشارەکان ٤٠ هەزار دینار بوو.


 













گەلەری