سەردێڕ:

ئەنجامی لێكۆڵینەوەی هێرشەكەی سەر ماڵی كازمی ئاشكراکرا

PM:06:10:29/11/2021

10300 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی هێرشکردنە سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئاشکراکرد و دەڵێت، "کردەوەکە هێرشی چەکداری بووە."


ئاماژەی بەوەشکردووە، "کێشە لە پاراستن و بەرگریکردن لە ناوچەکە و ماڵی سەرۆکوەزیراندا هەبووە کە ئەوە دەرئەنجامێکی گرنگ بووە بۆ لیژنەکە."

 

ئەوەشی خستەڕوو، "هێرشەکە لە رێگای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و بۆمبرێژکراوەوە بووە."

باسی لەوەشکرد، "ئەو فڕۆکانەی هێرشەکەی پێ ئەنجامدراوە، لە ناوخۆی عێراقدا دروستدەکرێت و فڕۆکەکان لە ئاستێکی مامناوەنددا تەقیونەتەوە، کە پێنج پێ دوورتر لە شوێنی پێشبینیکراوی تەقیونەتەوە و تەقینەوەکان بە درۆنەکەوە بەستراون نەوەک لێوە فڕێدرابن"، دەشڵێت، "بەڵگەی ورد و تەواویان لەلایە و بابەتەکە هەستیارە."

لە درەنگانی شەوی ٦ی ئەم مانگەدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق رووبەڕووی هەوڵێکی کوشتنی شکستخواردوو بووەوە کاتێک لە رێگەی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشکرایە سەر ماڵەکەی لە ناوچەی سەوزی شاری بەغدا.

دوابەدوای هێرشەکە کازمی وتی، "موشەکە ترسنۆک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ترسنۆکەکان وڵات بونیادنانێن و دواڕۆژ بونیادنانێن."


 








گەلەری