سەردێڕ:

سێ ئۆتۆمبێل پێکیاندادا و شەش کەس گیانیان لەدەستدا

PM:03:05:29/11/2021

19784 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامی قەزای خاڵس سەر بە پارێزگای دیالە رایگەیاند، لە پێکدادانی سێ ئۆتۆمبێل لەسەر رێگای خورماتوو لە نزیک عوزێم شەش کەس گیانیان لەدەستدا و ١١ کەسیش برینداربوون.


عودەی خدران قائیمقامی قەزای خاڵسی سەر بە پارێزگای دیالە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەسەر رێگای خورماتوو لە نزیک عوزێم رووداوێکی هاتوچۆ لە جۆری پێکدادان لە نێوان سێ ئۆتۆمبێلدا روویداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی رووداوەکەوە شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و ١١ کەسیش برینداربوون.

قائیمقامی خاڵس ئەوەشی خستووەتەڕوو، زۆرینەوەی قوربانییەکان مامۆستای وانەبێژ بوون.

لە هەرێمیشدا، بەگوێرەی ئامارەکانی هاتوچۆ لە ماوەی ۱۰ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا سێ هەزار و ٥٠٩ رووداوی هاتوچۆ روویداوە، کە بەهۆیەوە ٥٣٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و شەش هەزار و ٢٦ کەسیش برینداربوون.

بەپێی دوایین ئامار، لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ۹٥۰ هەزار ئوتۆمبێل هەیە، واتە هەر سێ کەسێک ئوتۆمبێلێکی بەردەکەوێت، لە کاتێکدا بەپێی ستانداردی جیهانی دەبێت هەر حەوت کەسێک و یەک ئۆتۆمبێلی بەربکەوێت.

بڕیار جاف، گەرمیان













گەلەری