سەردێڕ:

لەبارەی گۆڕاوە نوێیەکەی کۆرۆناوە؛ تەندروستی عێراق هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە

AM:12:01:29/11/2021

11196 جار خوێندراوەتەوە

لەپاش تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی توشبوون بە گۆڕاوە نوێیەکی کۆرۆنا ناسراو بە "ئۆمیکرۆن" لە وڵاتانی جیهاندا، وەزارەتی تەندروستی عێراق داوا لە هاوڵاتیان دەکات چی دەتوانن زووتر ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن.


لە وڵاتی ئەفریقای ناوەڕاست و دواتریش لە چەند وڵاتێکی دیکەی جیهان چەندین حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنای گۆڕاوی ئۆمیکرۆن بڵاوبووەوە، تایبەت بەوەش وەزارەتی تەندروستی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، "پێویستە هاوڵاتیان پابەند بن بە رێکارە خۆپارێزییەکان و دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتیی و بەستنی ماسکەوە."

لە راگەیەندراوەکەیدا، وەزارەتی تەندروستی عێراق دەڵێت، "پێویستە تەواوی دامەزراوە حکومی و ئەهلییەکان پابەند بن بە رێنماییەکانی لیژنەی باڵای تەندروستی و ئاسایشی نیشتیمانی و وەرگرتنی هەردوو ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا و ئەنجامدانی پشکنینی PCR لەماوەی هەفتەیەکدا."

رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی جۆرێکی نوێی "ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو"ی دەستنیشانکرد و بە "ئۆمیکرۆن" ناوزەندی کرد.

ڤایرۆسە نوێیەکەی کۆرۆنا، ناوە پزیشکیەکەی بریتییە لە"B.1.1.529"، کە جۆرێکی دیکەی گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرۆنایە؛ کە ئەو ڤایرۆسە توانای گۆڕینی خۆی هەیە بەگوێرەی بارودۆخەکان کە ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی، چونکە بەگوێرەی وتەی زانایانی بواری پزیشکی، ئەو نیشانە و تایبەتمەندییانەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیەتی، دەتوانێت ببێتە هۆی لاوازکردنی سیستەمی بەرگری جەستەی هەندێک کەس.

ئۆمیکرۆن، جیاوازترە لە جۆرەکانی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و جۆرەکانی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو، هێشتاش پسپۆڕان نازانن کە جۆرە نوێیەکە دەبێتە هۆی زیانی گیانی زیاتر بەبەراورد بە جۆرەکانی دیکەی کۆرۆنا یان نا.













گەلەری