سەردێڕ:

بەشێک لە خوێندکارانی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان راگەیاند

PM:11:35:28/11/2021

6320 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە خوێندکارانی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان راگەیاند و داوا دەکەن، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، دەرماڵە و ئەو پارەیەی لە ساڵانی رابردوو بە خوێندکار دەدرا بۆ پێداویستییەکانی کارنامەی دەرچوون "ئەتروحە"، بۆیان خەرجبکرێت.


سەرچاوەیەک لەناو خوێندکارانی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانییەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ماوەی دوو رۆژە بایکۆتی خوێندنیان کردووە و بەشێکی مامۆستاکان پشتگیریان دەکەن بەوەی لە وانەکاندا بە نەهاتوو هەژماریان ناکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەیان نزیکەی ٢٠٠ خوێندکار دەبێت و هاوشێوەی خوێندکارانی دیکەی زانکۆ و پەیمانگاکان نارەزایەتییان هەیە.

باسی لەوەکرد، داواکاری ئەو خوێندکارانە ئەوەیە، کە هاوشێوەی ساڵانی رابردوو دەرماڵەیان بۆ خەرجبکرێت، کە بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی ٣٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار بڕی ٥٠ هەزار دینار بوو.

ئەو خوێندکارانە نارەزایەتییان هەیە بەرامبەر ئەوەی، دەبێت ساڵانە خۆیان پێداویستییەکانی کارنامەی دەرچوون "ئەتروحە"یان دابین بکەن، کە وەک خۆیان دەڵێن، "بۆ بەشەکانی شانۆ و شێوەکانی کەرستە و پێداویستییەکانیان گرانە و پارەیەکی زۆر لەسەرمان دەوەستێت، بەهۆی ئەوەی دەبێت پێداویستییەکانی کاری لەسەر دەکەین و کاری پێدەکەین، تەنانەت بەشی شانۆ دیکۆری شانۆکەشمان لەسەر ئەرکی خۆمانە."

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، "هەندێک لە مامۆستاکان بەشێوەیەکی زۆر هاوکاریانن بەوەی داوا لە لایەنەکان و کەسایەتییەکان دەکەن بۆئەوەی هاوکاریان بکەن لە دابینکردنی پێداویستییەکانی کارنامەی دەرچووندا، لە کاتێکدا ئەوە ئەرکی حکومەتی هەرێمە ئەو کارە بکات."

ئەوە لە کاتێکدایە، پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی و وەرزش و چەند پەیمانگایەکی دیکە؛ سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا نین و سەر بە وەزارەتی پەروەردەن، ئەرکی دابینکردنی دەرماڵە و کارنامەی دەرچوونیشیان لە وەزارەتی پەروەردەوە دەبێت، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ و هاوتای دەرماڵەی زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە خوێندنی باڵا، بڕدراوە.

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم بۆ داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و هێزە ئەمنییەکانیش دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژ دژیان بەکاردەهێنن و ئازاری جەستەییان دەدەن و هەندێک خوێندکار لێیان دراوە، جگە لەوەی تەقە بەسەر خوێندکارانیشدا کراوە، کە بەو هۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون.

ئەو خوێندکارانە باس لەوەدەکەن، دۆخ و باری ئابوریان سەختە و دەبێت حکومەت بەدەم داواکانیانەوە بچێت و دەرماڵەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە.

لە ساڵانی رابردوودا، چەندین خوێندکار هەبوون بەهۆی سەختی دۆخی ئابورییەوە وازیان لە خوێندن هێناوە، یان رێگای ئەوروپایان گرتووەتەبەر، یانیش ساڵێکی خوێندنیان کردووەتە مۆڵەت و کاریان کردووە، یانیش کەم خوێندکار هەیە لەگەڵ خوێندنەکەیدا کاری نەکردبێت.

حکومەت بۆ کپکردنەوەی خۆپیشاندانەکان دەوامی زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە خوێندنی باڵای راگرتووە، بەڵام، خوێندکاران سورن لەسەر داواکارییەکانیان.

لە چەند رۆژی رابردووشدا حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان ڤیدیۆی ئاڵایەکی کوردستانیان بڵاوکردەوە کە لە بەردەم زانکۆی سلێمانیدا کەوتووەتە سەر شەقام و ئۆتۆمبێل بەسەریدا دەڕوات و چەند خوێندکارێک هەوڵی لابردنی دەدەن، بەڵام ئەوان خوێندکارانی زانکۆیان بەوە تۆمەتبارکرد و ئاماژەیان بەوەکرد، "سوکایەتی بە ئاڵای کوردستان کراوە."

لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەرماڵەی خوێندکارانی هەرێم لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی ٤٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو بڕی ١٠٠ هەزار دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە پارەیە لانی کەم کرێی هاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن.

هـ.ئـ













گەلەری