سەردێڕ:

ئۆمیکرۆن؛ گۆڕاوە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چییە و تا چەند مەترسیدارە؟

PM:08:02:28/11/2021

21656 جار خوێندراوەتەوە

ئەو جۆرە نوێیەی کۆرۆنا لە ئەفریقا بڵاوبووەوە چییە؟ تا چەند مەترسیدارە؟ وڵاتان چی دەکەن بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی؟


دۆزینەوەی جۆرێکی تری نوێی کۆرۆنا بەچەندین نیشانەی جیاواز و گۆڕاوەوە، لە ئەفریقای باشور، رێکارەکانی لە هەندێک وڵاتدا توندتر کرد و هەنگاوی سنوردارکردنی گەشتە ئاسمانییەکانیشی بۆ هەندێک وڵات بەدواداهات.

رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی جۆرێکی نوێی "ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو"ی دەستنیشانکرد و بە "ئۆمیکرۆن" ناوزەندی کرد.

ڤایرۆسە نوێیەکەی کۆرۆنا، ناوە پزیشکیەکەی بریتییە لە"B.1.1.529"، کە جۆرێکی دیکەی گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرۆنایە؛ کە ئەو ڤایرۆسە توانای گۆڕینی خۆی هەیە بەگوێرەی بارودۆخەکان کە ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی، چونکە بەگوێرەی وتەی زانایانی بواری پزیشکی، ئەو نیشانە و تایبەتمەندییانەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیەتی، دەتوانێت ببێتە هۆی لاوازکردنی سیستەمی بەرگری جەستەی هەندێک کەس.

ئۆمیکرۆن، جیاوازترە لە جۆرەکانی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و جۆرەکانی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو، هێشتاش پسپۆڕان نازانن کە جۆرە نوێیەکە دەبێتە هۆی زیانی گیانی زیاتر بەبەراورد بە جۆرەکانی دیکەی کۆرۆنا یان نا.

تولیۆ دی ئۆلیڤاریا بەڕێوەبەری پلاتفۆرمی توێژینەوە و دۆزینەوەی زنجیرەیی کوازولو-ناتال ئاماژەی بەوەکردووە، جۆرە نوێیەکی کۆرۆنا زاناکانی توشی سەرسوڕمان کردووە، دەشڵێت، "بازدانێکی گەورەیە لە پەرەسەندنی ڤایرۆسەکان، چونکە چەنیدن نیشانەی نوێی و جیاواز کە توانای خۆ گۆڕینیان هەیە لە ڤایرۆسەکەدا دەرکەوتوون، ئەمەش دووربوو لە پێشبینیی ئێمەوە."

بەبەراورد بە هەردوو جۆری بێتا و دێلتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کە تەنها چەند نیشانەیەکی جیاواز و گۆڕاویان تێدایە، ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن چەندین نیشانەی جیاکەرەوەی هەیە و توانای خۆگۆڕینیشی زۆرترە بەجۆرەکانی دیکە، بەڕێوەبەری پلاتفۆرمی توێژینەوە و دۆزینەوەی زنجیرەیی کوازولو-ناتال ئەوەشی وتووە، "تاکە هەواڵی دڵخۆشکەر ئەوەیە، کە لەرێگای پشکنینی PCRەوە دەتوانرێت ڤایرۆسەکە دەستنیشان بکرێت."

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە

پەیمانگای نەتەوەیی نەخۆشییە گوازراوەکانی ئەفریقای باشور رایگەیاند، رێژەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە ئەفریقای باشور "١٠ هێندە"ی رێژەی ئاسایی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی گوازراوەیە.

پەیمانگای نەتەوەیی نەخۆشییە گوازراوەکانی ئەفریقای باشور ئاماژەی بەوەشکردووە، رێژەی توشبوون و ئاستی پشکنینی توشبوون بە نەخۆشییەکە "بەشێوەیەکی بەرچاو لەبەرزبوونەوەدایە"، بەتایبەتیش لە سێ هەرێمی ئەفریقای باشوردا.

بەگوێرەی ئاماری پەیمانگای نەتەوەیی نەخۆشییە گوازراوەکانی ئەفریقای باشوریش، رێژەی توشبوونی رۆژانە بە ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو لەجۆری "ئۆمیکرۆن" بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە بەراورد بە جۆرەکانی پێشووی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا "ئۆمیکرۆن" بەشێوەیەکی خێرا لە هەرێمی گوتینگی ئەفریقای باشور بڵاوبووەتەوە، کە ناوەندی گەشەسەندووی ئابوریی جیهانسبێرگ و سەرمایەی پرتیتۆریایە.

تا ئێستا، ٥٠ حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە ئەفریقای باشور، بۆتسوانا، هۆنگ کۆنگ، بەلجیکا و ئیسرائیل تۆمار کراوە، حاڵەتە توشبووەکانی ڤایرۆسەکە لە بۆتسوانا، هۆنگ کۆنگ و ئیسرائیل لە نێو گەشتیارانی ئەفریقای باشور بوون بۆ ئەو وڵاتانە.

هاوکات، لە هەریەکە لە وڵاتەکانی ئوستورالیا، هۆڵندا، نیوزلەندا، دانیمارک، بەلجیکا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و بەریتانیا حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمار کراون.

رێکارە نێودەوڵەتییەکان لە بەرامبەر ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن

لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ئەفریقای باشور و تۆمارکردنی چەند حاڵەتێک لە بەریتانیا، حکومەتی ئەو وڵاتە تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی لە ئەفریقای باشور و پێنج وڵاتی دیکەی ئەفریقا لەوانەش بۆتوسوانا، لیسۆسۆ، نامبیا و زیمبابۆی بۆ وڵاتەکەی راگرت.

حکومەتی ئیسرائیلیش گەشتکردنی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی بۆ ئەفریقای باشور و لیسۆسۆ، بۆتوسوانا، زیمبابۆی، مۆزەمبیق، نامبیا و ئسواتینی راگرت و ئەو وڵاتانەی خستە لیستی مەترسییەوە.

یەکێتی ئەوروپاش بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتی ئاسمانی بۆ ئەفرقای باشور دەکرد و ئەمریکاش، بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی گەشتی ئاسمانی لە ئەفریقای باشور و حەوت وڵاتی دیکەی ئەفریقا و بڕیارەکەش تەنها گەشتکردنی ئەو هاوڵاتیانە دەگرێتەوە کە ئەمریکی نین و دەیانەوێت گەشت بۆ ئەمریکا بکەن.

حکومەتی مەغریب لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، تەواوی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانی بۆ وڵاتەکەی بۆ ماوەی دوو هەفتە قەدەغەکرد، بەهۆی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو لە جۆری "ئۆمیکرۆن."

هەریەکە لە حکومەتەکانی؛ بەحرەین، سعودیە و سودان تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانیان لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەفریقای باشوردا راگرت.

دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی چی دەڵێت؟

تایبەت بە بۆچوونی شارەزایانی بواریی پزیشکی ئەمریکا لە سەر ڤایرۆسی "ئۆمیکرۆن"، ئەنتۆنی فاوچی شارەزا و پزیشکی نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئەمریکا بە کەناڵی "ئەی بی سی" ئەمریکی راگەیاندووە، "ئەمریکییەکان پێویستە ئامادە بن بۆ هەموو شتێک، بۆ ئەوەی بجەنگن لە بەرامبەر ڤایرۆسی ئۆمیکرۆندا."

ئەنتۆنی فاوچی ئاماژەی بەوەشکردووە، هێشتا زووە کە بڵێین پێویستمان بە کەرەنتینە یان قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی هەیە. جەخت لەوەشدەکاتەوە، "پێویستە بۆ گرتنەبەری هەر رێکار و هەنگاوێک ئامادەبین."

لەکۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩دا، لە شاری وهانی چین ڤایرۆسی بەربڵاوی کۆرۆنا سەریهەڵدا و دوای ماوەیەکیش زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتەوە و بەو هۆیەشەوە، حکومەتی وڵاتان کەرەنتینە قەدەغەی هاتوچۆ و گەشتی ئاسمانی پیادەکرد، تا ئێستاش ٢٦١ ملیۆن و ٦٢٥ هەزار و ٤١٥ هەزار کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون، پێنج ملیۆن و ٢١٦ هەزار و ٧١ کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

نەورەس غەریب













گەلەری