سەردێڕ:

شەڕ لە نێوان سوپای تورکیا و پەکەکەدا روویدا

AM:11:52:28/11/2021

14112 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، لە دەڤەری بەرواری باڵادا شەڕ لە نێوان سوپای تورکیا و پەکەکەدا روویدا و دواتر تورکیا ئەو ناوچەیەی تۆپباران کرد، بەڵام تا ئێستا زەرەر و زیانەکانی شەڕ و تۆپبارانەکە ئاشکرا نەکراوە.


نیهاد ئۆرەماری پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە سنوری گوندی هروریی سەر بە ناحیەی کانی ماسی دەڤەری بەرواری باڵادا لە نزیک کاتژمێر ١١دا شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای تورکیا و پەکەکەدا روویدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، شەڕ و پێکدادانەکان نزیکەی نیو کاتژمێر بەردەوام بووە و لە سەرەتادا بە چەکی سووک روبەڕوی یەکتری بوونەتەوە.

باسی لەوەشکردووە، دواتر سوپای تورکیا لە رێگەی تۆپخانەکانییەوە ئەو ناوچەیەی تۆپباران کردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو ناوچەی روبەڕوبوونەوەکە تێیدا روویداوە لە شوێنی نیشتەجێ بوونی هاوڵاتییانەوە نزیک بووە و تا ئێستا زەرەر و زیانەکانی شەڕ و تۆپبارانەکە ئاشکرا نەکراوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا چەندین جار شەڕ و پێکدادان لە نێوان پەکەکە و سوپای تورکیادا روویداوە و هەردوولا ئاماری جیاواز لەبارەی قوربانیانی شەڕەکانەوە بڵاودەکەنەوە.













گەلەری