پاش ئەوەی چاوگێک لە وەزارەتی دارایی ھەرێم رایگەیاند، سبەی دووشەممە موچەی مانگی ١١ی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ دابەش دەکرێت، لیستەکە گۆڕانکاری تێدا کرا و بڕیارە هەر سبەینێ موچەی وەزارەتی داراییش دابەش بکرێت.
چاوگێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رۆژی دووشەممە موچەی مانگی تشرینی دووەمی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ و وەزارەتی دارایی دابەش دەکرێت.
رۆژی ٢٥ی مانگیش، وەزارەتی تەندروستی وەک یەکەم وەزارەت،
موچەی مانگی تشرینی دووەمی بە ھەمان میکانیزمی پێشوو و بەبێ لێبڕین وەرگرت و ئەمڕۆش،
موچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان دابەش دەکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی دارایی تا ئێستا لیستی موچەی
سەرجەم وەزارەتەکانی بڵاونەکردووەتەوە.
لەبارەی ٢٠٠ ملیارەکەوە، لە مانگی رابردوودا، پەرلەمانتارێکی
پێشووی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کە بە ئەگەری زۆرەوە پێدەچێت عێراق پابەند بیت
بە ناردنی ٢٠٠ ملیار دیناری مانگانەی ھەرێمەوە تاوەکو ئەو کاتەی حکومەتی نوێ پێکدەھێندرێت.
لە مانگی تەمموزدا، ناردنی ٢٠٠ ملیار دیناری مانگانە بۆ
ھەرێم، لەلایەن مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بڕیاری لەسەردرا، کە وەک
سولفەیەکی مانگانە بۆ ھەرێمی بنێرێت و وەک موچە بە ھاوتای داھاتەکانی وەزارەتی
دارایی بەسەر موچەخۆراندا دابەشبکرێت.
حکومەتی ھەرێم لە چەند مانگی رابردوودا بڕیاریدا ھەموو
مانگێک لە ٢٥ی مانگەوە دەست بە دابەشکردنی موچە بکات و لە هەفتەیەکدا تەواوببێت، بەڵام
چەند مانگێکە بە بیانووی کەمی داھات و دواکەوتنی گەڕانەوەی داھات بۆ خەزێنەی وەزارەتی
دارایی و دواکەوتنی گەیشتنی ٢٠٠ ملیارەکە، حکومەت موچە دابەشکردن دوادەخات و بە
ماوەی ١٥ رۆژ و زیاتر موچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەشدەکات.
هێرش قادر، هەولێر