سەردێڕ:

مەحمود سەنگاوی زانیاری نوێ لەسەر هێرشەکەی داعش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە ئاشکرا دەکات

AM:10:00:28/11/2021

6404 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری هێزەکانی پێشمەرگە رایگەیاند، "ئیهمالی خۆمان بوو لەم هێرشەی داعشدا کە پێنج پێشمەرگە شەهید بوون"، دەشڵێت، "داعش لە پاڵ سوپای عێراقەوە هێرش دەکاتە سەرمان."


ئەمڕۆ یەکشەممە، مەحمود سەنگاوی فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری هێزەکانی پێشمەرگە دوابەدوای هێرشەکەی داعش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە سەردانی شوێنی رووداوەکەی کرد و بە میدیاکانی راگەیاند، "ئیهمالی خۆمان بووە ئەم رووداوە روویداوە."

ئاماژەی بەوەشدا، "ئەگەر سەنگەرەکانمان بەهێزبن ئەوا داعش ناتوانێت ئەم جۆرە کارانە بکات، ناکرێت لەبەردەمانەوە هێرش بکات و ئاگادار نەبین".

مەحمود سەنگاوی دەشڵێت، "یەک مانگە ئاگاداری هێزەکانی پێشمەرگەم کردووەتەوە کە داعش هێرش دەکاتە سەرتان."

لەبارەی بوونی بۆشایی ئەمنی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقیدا، مەحمود سەنگاوی باسی لەوەشکرد، لەو ناوچەیە هیچ بۆشاییەکی ئەمنی بوونی نییە چونکە هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لەناوچەکەدا بوونیان هەیە.

ئاشکرای کرد، "بەهۆی ئەوەی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە داعش کەسی نییە ناتوانن لەوێوە هێرش بکەن، بەڵکو شەوانە لەپاڵ سوپای عێراقیدا دەمێننەوە و هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقیش."

ئەمە لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو لە ناحیەى کوڵەجۆى گەرمیان داعش هێرشیکردەسەر سەنگەرەکانى پێشمەگە و لەکاتێکدا یارمەتی بۆ هێزەکان رۆشتووە بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و چوار پێشمەرگەش بریندار بوون.













گەلەری