پاش ئەوەی رۆژی پێنجشەممە، شەڕ و روبەڕوبوونەوەی لە نێوان هێزێکی ئەمنی و عەقید موراد کانی کوردەیی روویدا و خۆی و دوو پاسەوانی گیانیان لەدەستدا، ئێستاش پاسەوانێکی دیکەشی بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
رۆژی پێنجشەممە، شەڕ و روبەڕوبوونەوە لە نێوان عەقید موراد کانی کوردەیی ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین و چەند پاسەوانێکی لەگەڵ هێزێکی ئەمنیدا روویدا.
بەهۆی شەڕەکەوە ئەفسەرە پلە باڵاکە و دوو پاسەوانی گیانیان لەدەستدا
و ئێستاش سەرکار فاخیر پاسەوانێکی دیکەی لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
هەر رۆژی پێنجشەممە، ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم باسی لەوەکرد،
"ھێزێکی فەرمی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا و سەروەریی یاسا بۆ دەستگیرکردنی
داواکراو (موراد کانی کوردەیی) لە شاری رانیە بەشێوەیەکی مەدەنی و یاسایی ئەرکی دەستگیرکردنی
ناوبراویان پێسپێردرا، بەڵام ئەفسەرەکە پاسەوانەکانی روبەڕوی یاسا بوونەوە و دواتر
موراد کانی کوردەیی و دووان لە پاسەوانەکانی کوژران."
لە رۆژی هەینیدا، خانەوادەی موراد کانی کوردەیی راگەیەنراوێکیان
بڵاوکردەوە و باسیان لەوەکرد، "تا ئەوکاتەی بڕیاردەر و ئەنجامدەرانی ئەو
تاوانە ئاشکرا نەکرێن و رادەستی یاسا نەکرێن، پرسە بۆ کوژراوەکانمان دانانێین."
راشیانگەیاند، "یەکێک لە ھاورێکانیشی بەناوی فرسەت
قادر رفێندراوە و چارەنوسی نادیارە."
دواتر، لاهور جەنگی لەسەر رووداوی کوژرانی موراد کانی
کوردەیی ڕایگەیاند، داوا لە کەسوکاری شەهیدەکان دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و هیچ پەرچەکردارێک
نەنوێنن تا ئەو کاتەی دڵنیا دەبنەوە کە لێکۆڵینەوە ناکرێت و ئەنجامدەرانی ئەم کارە
دەستگیر ناکرێن.
چۆمان مەحمود، هەولێر