سەردێڕ:

لە وەزارەتی کارەباوە: پێدانی کارەبا زیاد دەکات

PM:07:30:27/11/2021

10028 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبای ھەرێم رایگەیاند، "لەم ھەفتەیەوە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا زیاد دەبێت."


ئەمڕۆ شەممە، دیار تاھیر بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی وەزارەتی کارەبای ھەرێم بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی ئاماژەی بەوەکردووە، "لە ئێستادا وەزارەتەکەمان نزیکەی سێ هەزار و ٤٠٠ مێگاوات کارەبای لەبەردەستدایە، بەڵام وێستگەی کارەبای گەرمیان تا سبەی یەکشەممە دەکەوێتە کار و ٢٠٠ مێگاوات بەرھەم دێنێت، کە ئەوەش دەکەوێتە ناو تۆڕی کارەبا و بەرھەم زیاد دەکات."

باسی لەوەشکردووە، وێستگەی کارەبای خەباتیش کە مانگێکە سیانە دەکرێت، ئەویش تا کۆتایی ئەم ھەفتەیە ٢٥٠مێگاوات کارەبا زیاد دەکات، بەمەش تا کۆتایی ئەم ھەفتەیە بەرھەمی کارەبای ھەرێم زیاتر لە٤٠٠ مێگاوات زیاد دەکات.

لە هەفتەی رابردوودا، ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا دەگۆڕێت و لە ناوچە ساردەکاندا ١٢ بۆ ١٣ کاتژمێر کارەبا دابین دەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لەو ناوچانەی ساردییان کەمترە زیاتر لە ١٥ کاتژمێر کارەبا دابین دەکرێت.  

 

ساڵانە، لەکاتی وەرزەکانی سەرما و گەرمادا، بڕی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا لەهەرێمی کوردستان بەرەو کەمبوونەوەیەکی بەرچاو دەڕوات و بەتێپەڕبوونی چەندین کابینەی حکومەتی هەرێم و پاش چەندین بەڵێن بۆ چاککردنی، هێشتا پرۆسەی پێدانی کارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتییانی هەرێم لە ئاست داواکارییەکانیاندا نییە.













گەلەری