سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ وەڵامی سەرۆکی حکومەت دەداتەوە

PM:03:19:27/11/2021

11444 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی حکومەت رایگەیاند، لە ھیچ شوێنێکی جیھاندا نەبووە زانکۆکان خۆڕایی بن و دەرماڵەش بە خوێندکاران بدرێت. لەبەرامبەردا پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ دەلێت:"لە ھیچ وڵاتێکی دونیاشدا نییە خوێندکار ١٦ ساڵ بخوینێت و دواتر ھەلێکی کاری نەبێت".


ئەمڕۆ شەممە، مژدە مەحمود ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە فەیسبووکی خۆی وەڵامی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی دایەوە کە لە دیدارێکیدا لەگەڵ بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆکانی ھەرێمدا رایگەیاند، "لە ھیچ شوێنێکی جیھاندا نەبووە زانکۆکان خۆڕایی بن و دەرماڵەش بە خوێندکاران بدرێت".
مژە مەحمود دەڵێت، "لە ھیچ وڵاتێکی دونیاشدا نییە خوێنکار ١٦ ساڵ بخوینێت و دواتر ھەلێکی کاری نەبێت".
لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەیدا ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەداوە، " لەھیچ وڵاتێکی دونیاشدا نیە حکومەت زیاتر لە ٣٠ موچەی موچەخۆران قەرزار بێ، ھەروەک لە ھیچ وڵاتێکی دونیادا شتی وانییە فەرمانبەر دەوام بکات، بەڵام موچە وەرنەگرێت".
لە کۆتایی وەڵامەکەیدا بۆ سەرۆکی حکومەتی ھەرێم، مژدە مەحمود ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەڵێت، "لە ھیچ وڵاتێکی دونیا نییە ئەو ھەموو نەوت و سەروەتەی ھەبێت، بەڵام خەڵکەکەی لە وڵاتەکەیان رابکەن و جێی بھێڵن و بە پەناھاندەیی وڵاتانی تر رازی بن".
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە شاری ھەولێر لەگەڵ ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆکانی ھەرێمدا کۆبووەوە و لە بارەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی خوێندکاران لەبارەی پێدانی دەرماڵ و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانیان لە بەشە ناوخۆییەکاندا قسەی بۆکردن. لەبەشێک لە قسەکانیدا وتی، "زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان بەخۆڕایین و حکومەت دابینی کردووە بۆ خوێندکاران، لە ھیچ شوێنێکی دیکەی جیھانیش شتێکی لەو جۆرە نیییە زانکۆکان خۆڕایی بن و دەرماڵەش بە خوێندکاران بدرێت".
ھەروەھا، لە کاتێکدا کارەبای ئەو ژورە بڕا کە کۆبوونەوەکەی تێدا بەڕێوەچوو، بەڵام سەرۆکی حکومەت باسی لە باشبوونی دۆخی کارەبا کرد لە ھەرێمی کوردستان.

کـ ، ئـ












گەلەری