سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. لەکاتی باسکردنی باشبوونی کارەبادا، کارەبای سەرۆکی حکومەت دەبڕێت

PM:02:57:27/11/2021

219136 جار خوێندراوەتەوە

لە چوارچێوەی دیدارێکیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆکانی ھەرێم، سەرۆکی حکومەت رایگەیاند، دۆخی کارەبا لە ئێستادا زۆر باشبووە، بەڵام بە چەند خولەکێک پێش ئەم قسەیەی کارەبای ژوورەکەی دەبڕێت.


ئەمڕۆ شەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان لە زانکۆی سەلاحەدین کۆبووەوە و لە بەشێک لە قسەکانیدا کە باس لە باشبوونی دۆخی کارەبا لە ھەرێمدا دەکاتکارەبای ژووری کۆبوونەوەکەی دەبڕێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەسرور بارزانی داوای لە خویندکاران کرد کاتێک ناڕەزایی دەردەبڕن دەتوانن نوێنەر بنێرن بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان بگەیەنن بە حکومەت.
باسی لەوەشکرد، ئیدانەی ھەر کارێکی توندوتیژی و فەوزا دەکەن و ئەوانە دوورن لە رەوشتی خوێندکارانەوە و ئیدانەی روبەروبوونەوەی توند دەکەن لەنێوان خوێندکاران و ھێزەئەمنییەکاندا لە ھەر لایەکەوە بێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بەرزانی لەبارەی دەرماڵەی خوێندکارانەوە ئاماژەی بەوەدا، "زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان بەخۆڕایین و حکومەت دابینی کردووە بۆ خوێندکاران، لە ھیچ شوێنێکی دیکەی جیھانیش شتێکی لەو جۆرە نیییە زانکۆکان خۆڕایی بن و دەرماڵەش بە خوێندکاران بدرێت".
ئەوەشی خستەڕوو، دەرماڵە لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە نەماوە و ئێستا ئەمە خراوەتەوە بەر باس بەھۆی ئەوەی گوایە دۆخی ھەرێمی کوردستان باش بووە.  وتیشی، "لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧  ئەو بڕە بودجەیی دەبوایە حکومەتی عێراق بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستانی بناردایە نەنێردراوە و ئەمەش وای کردووە حکومەتی ھەرێم قەرز لە کۆمپانیاکانی نەوت و بانکی ناوەندی و کۆمپانیاکان بکات بۆ ئەوەی بتوانن ئیدارەی خۆیانی پێ بکەن کە ئێستا ئێمە باجەکەی دەدەین".
سەرۆکی حکومەت باسی لەوەشکرد، لە دوو ساڵی رابردووشدا حکومەتی عێراق ئەو برە بودجەیی دەبوایە بیناردایە ١٢ مانگ پارەی نەناردووە و تێکرای چوار ساڵی رابردوو لەگەڵ ئەم دووساڵە دەکاتە ٢٣ ملیار دۆلار کە مافی خەڵکە حکومەتی عێراق نەیناردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ھەفتەی رابردووەوە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێم بە ئامانجی گێڕانەوەی مافەکانیان لە پێدانی دەرماڵەی مانگەنەیان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی ناو بەشە ناوخۆییەکان رژانە سەرشەقامەکان و لە سلێمانی و رانیە گرژی و ئاڵۆزی کەوتە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکانەوە.
 
لـ ، لـ 
کـ ، ئـ












گەلەری