سەردێڕ:

دەنگی کاندیدی کەمینەکان لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەماندا چییان بەسەر ھات؟

PM:01:31:27/11/2021

9284 جار خوێندراوەتەوە

لە ھەڵبژاردنی ٢٠٢١ی پەرلەمانی عێراق، نۆ کورسی بۆ کۆتای کەمینەکان دەستنیشان کرا، کە ٦٧ کاندید لە کەمینە ئاینی و نەتەوەییەکان لەسەرتاسەری عێراقدا رکابەرییان لەسەر کرد، بەڵام دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان لە ھەندێک ناوچە ھەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و حەشدی شەعبی بە "یاریکردن" و "بەکارھێنان"ی دەنگی کەمینەکان تۆمەتبار دەکەن.


ئەمڕۆ شەممە، عیماد جەمیل ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کورسی کەمینەکان لە پەرلەمانی عێراق لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەدا نۆ کورسییە و دەیان کاندید لە کەمینە جیاوازەکان رکابەری لەسەر دەکەن.
ئاماژەی بەوەشدا، کورسییەکان بەسەر پێنج کاندیدی کریستیانەکان و کورسییەک بۆ ئێزیدییەکان و کورسییەک بۆ پێکھاتەی شەبەک  دابەشکراون، بەھەمان شێوە ھەریەک لە کوردە فەیلییەکان و سابیئەکان کورسییەکیان بۆ تەرخان کراوە.
عیماد جەمیل ئەوەشی خستەڕوو، ئەنجامی کاندیدە سەرکەوتووەکان کە رکابەری لەسەر کورسییەکانی کۆتادەکەن، بەھۆی دووبارە ھەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەستییەوە ھیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەھاتووە.
دەشڵێت، ھیچ تانیەکیان لە بنەکانی دەنگدانی کەمینەکان تۆمار نەکردووە.
تۆمەتەکان ئاراستەی حەشدی شەعبی و پارتی دەکرێن
لەو چوارچێوەیەشدا، جۆزێف سڵێوە ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق و کاندید لە ھەڵبژاردنی ٢٠٢١دا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تا ئێستا ناتوانین بڵێن کام کاندیدی کەمینە سەرکەوتنی بەدەستھێناوە و کامیان سەرنەکەوتووە،  جگە لە کوردە فەیلییەکان و ئێزیدییەکان و سابیئەکان، ئەوان کورسییەکانیان مسۆگەر کردووە.
ھەروەھا، پێشبینیدەکات، لەکاتی راگەیانی ئەنجامی کۆتایی دەنگەکان گۆڕانکاری لە کورسییەکانی کریستیانەکاندا رووبدات. دەشڵێت، "لەو باوەڕەدام گۆڕانکاری لە ئەنجامەکاندا روودەدات لە کاندیدێکەوە بۆ کاندیدێکی دیکە، ھەربۆیە ناکرێت لە ئێستا پشت بە ئانجامە بەراییەکان ببەسترێت تا دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەنجامەکان پەسەند نەکات".
ئەوەشی خستەڕوو، چەند لایەنێک بەنیازن یاری بە دەنگەکانی کەمینەکان بکەن و لەبەرژەوەندی خۆیان بەکارییان بھێنن، ئەمەش کاری ئەمڕۆ نییە، بەڵکو بەوردی کاری لەسەر کراوە.
  جۆزێف سڵێوە ئاشکراشی کرد، ئەو لایەنانەی باسیان لێوەدەکەم کورد، بەتایبەتی پارتی دیموکرات و ھەندێ لایەنی شیعەن کە ھەوڵدەدەن دەنگی کەمینەکان لە پارێزگای نەینەوا و دەشتی نەینەوا و کەرکوک و ئەو ناوچانەی کەمینەکان رکابەری تێدادەکەن بۆ خۆیانی کۆنتڕۆڵ بکەن و لەبەرژەوەندی خۆیان بەکاری بھێنن.
باسی لەوەشکرد، پرۆسەی دەستگرتن بەسەر دەنگی کەمینەکان لەلایەن حەشدی شەعبی و دەزگایەکی ئەمنی دیکە و ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزەکانی زێرەڤانییەوە بەڕێوەدەچێت. 
وتیشی، بۆ ئەو مەبەستە چەندین رێگەی جیاواز بەکاردەھێنن، بۆ نمونە زۆر لەدەنگدەران دەکەن دەنگ بە کاندیدێک بدەن کە کریستیانە بەڵام پەیوەندی لەگەڵ حەشد و ھەندێ لایەنی شیعی و لە سەروھەموویانەوە رێکخراوی بەدر و پارتی ھەیە.
ئەمە لەکاتێکدایە، کاندیدی کەمینەکان لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەماندا ٩٦ ھەزار و ٧٦ دەنگییان بەدەستھێناوە و بەمەش نۆ کورسی کۆتیان بۆ خۆیان مسۆگەرکردووە، بەشێوەیەک کریستیانەکان بەکۆی ٤٦ ھەزار و ٣٩٦ دەنگ پێنج کورسی و پێکھاتەی سابیئە بە کۆی چوار ھەزار و ٨٩ دەنگ کورسییەک و کوردە فەیلییەکان ١٩ ھەزار و ٥٧٩ دەنگ کورسییەک و پێکھاتەی شەبەک بە ١٨ ھەزار و ٥٩٠ دەنگ کورسییەکییان مسۆگەرکردووە.

کـ ، ئـ 












گەلەری