سەردێڕ:

یەکەم زانکۆ پشووی راگەیاند

PM:07:18:26/11/2021

35420 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی زانکۆی هەڵەبجە رایگەیاند، "بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی خوێندکاران و دابینکردنی پێداویستییە هەنوکەییەکانی بەشەناوخۆییەکان، بڕیاریاندا بە راگرتنی دەوامی خو‌ندنی زانکۆی هەڵەبجە بۆ ماوەی چوار رۆژ."


ئەنجومەنی زانکۆی هەڵەبجە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە ئاگادار دەکەینەوە کە ئەنجومەنی زانکۆی هەڵەبجە بریاریدا بۆ ماوەی چوار رۆژ، لە رۆژی یەک شەممە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ تاوەکو رۆژی چوارشەممە ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١، دەوامی خوێندکاران لە سەرجەم کۆلێج و بەشەکانی زانکۆمان رابگیرێت."

لەبارەی هۆکاری بڕیارەکەی ئەنجومەنی زانکۆی هەڵەبجەشەوە، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەمەبەستی هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی خوێندکاران و دابینکردنی پێداویستییەکانی بەشە ناوخۆییەکان، بڕیاری راگرتنی دەوامی خوێندن بۆماوەی چوار رۆژ دراوە.

ئەوەش تەنها دوای چەند خولەکێک لە بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی ئێن ئاڕ تی بوو لەسەر ئەو بابەتە، کە ئاشکرایکردبوو، ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە کۆبوونەوەدان بۆ تاوتوێکردنی راگەیاندنی پشوویەکی چوار رۆژیی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی سنوری پارێزگاکە.

ماوەى شەش رۆژە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و لە یەکەم رۆژیشدا بۆ بڵاوەپێکردنى خوێندکاران هێزە ئەمنییەکان دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا و بەو هۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون.

لە دووەم رۆژیشدا، هێزە ئەمنییەکان نەک تەنها گازی فرمێسک رێژ، بەڵکو تەقەیان بەسەر خوێندکارانیشدا کرد لە سلێمانی و لە دهۆکیش بە زەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا.

ئەو خوێندکارانە باس لەوەدەکەن، دۆخ و باری ئابوریان سەختە و دەبێت حکومەت بەدەم داواکانیانەوە بچێت و دەرماڵەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە.

لە ساڵانی رابردوودا، چەندین خوێندکار هەبوون بەهۆی سەختی دۆخی ئابورییەوە وازیان لە خوێندن هێناوە، یان رێگای ئەوروپایان گرتووەتەبەر، یانیش ساڵێکی خوێندنیان کردووەتە مۆڵەت و کاریان کردووە، یانیش کەم خوێندکار هەیە لەگەڵ خوێندنەکەیدا کاری نەکردبێت.

خوێندکاران سورن لەسەر داواکارییەکانیان، سەرەڕای ئەوەی دوو رۆژ پشوو راگەیاندرا، بەڵام خوێندکاران باسیان لەوەکرد، کە ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت ئەوان خۆپیشاندان ئەنجام نەدەن.

٢٤ی ئەم مانگەش، سەرەڕای ئەوەی خۆپیشاندانی زانکۆی سلێمانی هێمنانە بوو و خوێندکاران دانیشتبوون بەڵام هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسک رێژیان هەڵدایە ناو خوێندکاران و راویان نان بەهۆیەوە دۆخی تەندروستی بەشێکی خوێندکاران تێکچوو و دیمەنی ناو زانکۆی سلێمانی لە ئێستادا پڕە لە دوکەڵی گازی فرمێسک رێژ.

لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەرماڵەی خوێندکارانی هەرێم لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی ٤٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو بڕی ١٠٠ هەزار دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە پارەیە لانی کەم کرێی هاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن.

نـ.غـ

هـ.ئـ













گەلەری