ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، راگەیاندنی شکستپێھێنانی داعش لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە ھەڵەبوو. دەشڵێت، "یەکێک لەسەرھەڵدانەوەی داعش و بەردەوامبوونی چالاکییەکانی ئەو بۆشاییە ئەمنییەیە کە لە نێوان پێشەمەرگە و سوپای عێراقیدا ھەیە".
جەبار یاوەر ئەمینداری وەزارەتی پێشەمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی ئەلعەربیە ئەلجەدیدی راگەیاند، یەکێک لە دیارترین ھۆکارەکانی سەرھەڵدانەوەی داعش و بەردەوامبوونی چالاکییەکانی، ئە بۆشاییە ئەمنییەیە کە لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقیدا ھەیە.
ئاماژەی بەوەشدا، دۆسییەی بەڕێوەبردنی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان لە نێوان ھەولێر و بەغدا بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە کە کەرکوک و زومار و مەخمور و دوز و چەند شارۆچکەیەکی دیکەش دەگرێتەوە.
ئەمینداری وەزارەتی پێشەمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، رێکخراوی داعش لە سەرەتای کانونی یەکەمی ٢٠٢١ەوە تا ٣١ تشرینی یەکەمی ھەمان ساڵ ١٧٠ چالاکی ئەنجامداوە و تیاندا ٨٣٧ لەھاوڵاتییان و سوپای عێراق و ھێزە ئەمنییەکان کوژراو و برینداربوون.
وتیشی، ساڵی رابردوو داعش ٢٣٠ چالاکی ئەنجامداوە و تیایدا ٨١٢ کەس کوژراو و بریندار و رفێنراو ھەبووە.
جەبار یاوەر باسی لەوەشکرد، لەگەڵ زیادبوونی چالاکییەکان و ژمارەی کوژراو و بریندارەکان، راگەیاندنی شکستپێھێنانی داعش لەلایەن بەغداوە ھەڵەبوو.
لەبارەی گۆڕینی شێوازی ئەنجامدانی چالاکییەکان لەلایەن داعشەوە، جەبار یاوەر ئەمینداری وەزارەتی پێشەمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، گروپی چەکداری داعش شێوازی ئەنجامدانی چالاکییەکانی گۆڕیوە، بەشێوەیەک لە رابردوودا بەشێوەیەکی راستەوخۆ شەڕی دەکرد، بەڵام لە ئێستادا بەشێوەی گروپی بچوک بچوک و گرتنە بەری شێوازی جیاوازی چاندنی مین و بۆمب و دانانی بۆسە دژی ھێزە ئەمنییەکان بەکاردەھێنێت.
دەشڵێت، لە ئێستادا داعش ھاوڵاتییان دەڕفێنێت و لەبەرامبەردا داوای پارە دەکات تا بەریانبدات.
ھەروەھا، بەھۆکاری زیادبوونی چالاکییەکانی گروپی چەکداری داعش، جەبار یاوەر رخنەی گرت لەو بۆشاییە ئەمنییەی لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقیدا ھەیە و نەبوونی ھەماھەنگی لە نێوانیاندا بە درێژایی ٤٠ کیلۆمەتر.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەناوەڕاستی ھەفتەی رابردوودا وەزارەتی بەرگری عێراق و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەھاوبەشەکانی عێراق بەجیا راگەیەنراوییان لەبارەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنە سەرکەوتووەکان لە ناوچەکانی جەبەل حەمرین و چیاکانی قەرەقۆچ و دبس و دۆڵی شای و مەخمور بڵاوکردەوە.
کـ ، ئـ