وتەبێژی ھاتوچۆی ھەولێر لە فەیسبووکی خۆی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تیایدا دەردەکەوێت پێکدادان لە نێوان پاسێک و ماتۆڕسکیلێکدا روودەدات. دەشڵێت، "لە ئەنجامی رووداوەکە شۆفێر و سەرنشینی ماتۆڕسکیلەکە گیانیان لەدەستداوە".
فازڵ حاجی وتەبێژی ھاتوچۆی ھەولێر درەنگانی شەوی رابردوو لە فەیسبووکی خۆی رایگەیاند، کاتژمێر ٦ی سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ، لەگەڕەکی ژین پێکدادانێک لەنێوان پاسێک و ماتۆڕسکیلێکدا روویدا.
دەشڵێت، لە ئەنجامی رووداوەکە شوفێرو سەرنشینێکی ماتۆڕسکیلەکە گیانیانلەدەستدا و لەلایەن شۆفێری پاسەکەوە گەیەنراونەتە نەخۆشخانە.
وتەبێژی ھاتوچۆی ھەولێر ئاماژەی بەوەشداوە، شۆفێر و سەرنشینی ماتۆڕ سکیلەکە تەمەنیان لە ١٤ ساڵ بچوکتربوون.
بەگوێرەی ئامارەکانی ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستان، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا دوو ھەزار و ٢٨٧ رووداوی ھاتوچۆ روویانداوە، کە تیایدا ٣١٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ ھەزار و ٩٩١ کەسیش برینداربوون.
رووداوەکانی ھاتوچۆ بە یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی گیان لەدەستدان و برینداربوون یان کەمئەندامبوون دادەنرێت لە ھەرێم، کە بەشێکی پەیوەندی بە خراپی رێگاوبان و کوالێتی رێگاوبانەکانەوە ھەیە و بەشێکیشیان پەیوەندی بە پابەندنەبوونی شۆفێران بە خێرایی دیارکراو و رێنماییەکانی ھاتوچۆوە ھەیە.
کـ ، ئـ