سەردێڕ:

سێ سەرۆکایەتی لە عێراق بە نھێنی نامەیەکیان ئاراستەی سەدر کردووە

AM:08:25:26/11/2021

10464 جار خوێندراوەتەوە

ھەریەک لە سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری عێراق نامەیەکیان بەنھێنی ئاراستەی موقتەدا سەدری سەرۆکی رەوتی سەدر کردووە و تیایدا داوایان لیکردووە رازیبێت بە پێکھێنانی حکومەت لەسەر بنەمای سازان"تەوافوقی".


ئەمڕۆ ھەینی، ماڵپەڕی ئەخبار ئەلخەلیج لە زاری چاوگێکی عێراقییەوە بڵاویکردەوە، ھەریەک لە بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆمار و مستەفا کازمی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فایەق زیدان سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری عێراق نامەیەکی نھێنییان بە واژۆی ھەرسێکیان ئاراستەی موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر کردووە.
چاوگەکە ئاماژەی بەوەشداوە، ناوەرۆکی نامەکە بریتی بووە لەوەی ھەرسێ سەرۆک داوایان لە موقتەدا سەدر کردووە رازیبێت بە پێکھێنانی حکومەت لەسەر بنەمای سازان "تەوافوق".
دەشڵێت، تا ئێستا سەدر وەڵامی نامەکەی نەداوەتەوە، بەڵام لە رێگەی میدیاوە ئاشکرای کردووە بەھەموو شێوەیەک بەشداری لە حکومەتێکدا ناکات لەسەر بنەمای سازانبێت، بەڵکو حکومەتی زۆرینە پێکدەھێنێت.
چاوگەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، سەدر ئاشکرای کردووە، ئەوان ئەزمونی حکومەتی بنکەفراوانییان ھەیە کە جگە لە گەندەڵی ھیچی تری لێبەرھەم نەھاتووە. 
دەشڵێت، سەدر باسی لەوەکردووە کە ئامادەنیە "بۆنەکان تێکەڵ بکات" و لەم رێگەیەوە رەوت و گروپە شیعییە دۆڕاوەکان بێنێتەوە ناو حکومەت. 
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ کۆمسیۆنی سەربەخۆی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق کۆتاییھاتنی جیاکردنەوە و ھەژمارکردنی دەستی ئەو وێستگانەی راگەیاند کە لەلایەن قەوارە و گروپەکانەوە تانەیان لێدرابوو و کۆمسیۆن ئاشکراشی کرد ئەنجامەکان بەراوردی ئەنجامە ئەلیکترۆنییەکان کراون و بەڕێژەی ١٠٠٪ ھاوتابوون.
 
کـ ، ئــ












گەلەری