ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کرد کە عەمید موراد کانیکوردەیى و دوو لە پاسەوانەکانى کوژراوون.
ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەى بەوە کرد "سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ ٢٥ی ١١ی ٢٠٢١ ھێزێکی فەرمی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا و سەروەریی یاسا بۆ دەستگیرکردنی داواکراو (موراد کانی کوردەیی) لە شاری رانیە بەشێوەیەکی مەدەنی و یاسایی ئەرکی دەستگیرکردنی ناوبراویان پێسپێردرا".
بەگوێرەى روونکردنەوەکە "لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە موراد کانی
کوردەیی و پاسەوانەکانی کە لەگەڵیدا بوون رووبەڕووی ھێزەکە دەبنەوە کە لەکاتی ئەرکدا
بوون بۆ جێبەجێکردنی سەروەری یاسا، کارمەندێکی ئەمنی بە ناوی (شامل زرار ئیسماعیل)
شەھید دەکەن و سێ کەسی تریش بریندار دەکەن".
ئەوەش روونکراوەتەوە "لەئەنجامی وەڵام و دەستپێشخەری یاساشکێنان
و ھەڵھاتوان موراد کانی کوردەیی و دوو لە پاسەوانەکانی دەکوژرێن".
هۆشدارى ئەوەش دراوە "دەزگا ئەمنییەکان بەدواداچوون دەکەن بۆ دەستگیرکردنی
ھەموو ئەو تۆمەتبارانەی پەیوەستن بەم رووداوەوە و لەدادگا ھەڵھاتوون و سەرجەم تۆمەتباران
راپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادوەری دەکرێن".
روونکردنەوەکە لە کاتێکدایە کە کوڕێکى عەمید موراد و برا و
کەسوکارەکەى جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ناوبراو لەو رووداوەدا گیانیلەدەست
نەداوە و بریندارە.
موراد کانی کوردەیی فەرماندەیەکی نزیک لە لاهورجەنگی بووە و بەڕێوەبەری
پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ڕاپەڕین بووە و چەند ڕۆژێک بووە لە پۆستەکەی لادراوە و
گواستراوەتەوە بەشی لێکۆڵینەوە ی پۆلیسی ڕاپەڕین.