سکرتێری گشتی ناتۆ و سەرۆکی پۆڵەندا لە بارەگای ناتۆ کۆبونەوە و بڕیاریاندا بە درێژكردنەوەی مانەوەی ھێزە سەربازیەكان لەسەر سنوری بیلاڕوسیا.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، جێنس ستۆلتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ و ئاندرێج دودا سەرۆککۆماری پۆڵەندا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان کرد لەبارەی روداوەکانی ئەمدواییانەی سەر سنورەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا تیشکخراوەتە سەر ئەو هێزەی
روسیا لە سنوری ئۆکرانیا جێگیری کردووە و سکرتێری گشتی ناتۆ وتی " کۆکردنەوەیەکی گەورە و نائاسایی هێزەکان دەبینین لەلایەن مۆسکۆوە،
بۆیە داوا لە روسیا دەکەین کە شەفاف بێت و گرژییەکان کەم بکاتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ناتۆ بە ئاگایی دەمێنێتەوە
و بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی پاڵپشتی سیاسی و پراکتیکی بۆ ئۆکرانیا و ئەوەشی روونکردەوە ئەمە هەڕەشە نییە
بۆ سەر روسیا و یارمەتی ئۆکرانیا دەدات کە بەرگری لەخۆی بکات لە هەر پلانێک.
لەبارەی بیلاروسیاشەوە سکرتێری گشتی ناتۆ
باسی لەوەکرد، "تەواوی هاوپەیمانانی ناتۆ هاوڕان لەسەر ئەوەی لۆکاشینکۆی سەرۆکی
بیلاڕوسیا خەڵکی بەنرخ وەک کەرەستە و چەک بەکاردەهێنێت بۆ فشار خستنە سەر وڵاتانی
دراوسێی".
هاوکات، جێنس ستۆلتنبێرگ باسی لەوەشکرد مانەوەی هێزەکانی
سەرسنور وەک ئەم دۆخەی ئێستا درێژەی دەبێت و لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن بۆ هەر
رووداوێکی نەخوازراو.
ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەی زیاتر لە مانگێکە،
قەیرانی کۆچبەران لەسەر سنوری بیلاڕوسیا پۆڵەندا دروستبووە و خەڵکی لە وڵاتە جیاوازەکانی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاوە گەشتیان کردووە بۆ بیلاڕوسیا و داوای کردنەوەی
سنورەکان دەکەن بۆ گەشتن بە خاکی یەکێتی ئەوروپا.