سەردێڕ:

زانیارى نوێ لەبارەى تەقەکردن لە عەمیدێکى پۆلیس لە رانیە

PM:08:15:25/11/2021

134280 جار خوێندراوەتەوە

لەرووداوى تەقەکردن لە عەمیدێکى پۆلیس لە رانیە دوو کەس کوژران و دوو کەسى تر بریندار بوون و هێشتا چارەنووسى عەمیدەکە دیار نییە کە ئایا گیانیلەدەستداوە یاخود بریندارە.


پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى لە رانیە ئاماژەى بەوە کرد "نەخۆشخانەى فریاکەوتنى رانیە رایگەیاندووە کە چوار کەس لەو رووداوەدا بە بریندارى گەیەنراونەتە نەخۆشخانە و دووان لە بریندارەکان گیانیانلەدەستداوە و دووانى تریان لەژێر چارەسەردان".

وتیشى "یەکێک لە بریندارەکان بەهۆى سەختى برینەکانیەوە رەوانەى نەخۆشخانەى فێرکارى سلێمانى کراوە و بریندارەکەى تر لە نەخۆشخانەى فێرکارى رانیە ماوەتەوە".

پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى روونیکردەوە "هێشتا چارەنووسى عەمیدەکە کە بە فەرماندەیەکى نزیک لە لاهور جەنگى ناسراوە دیار نییە کە ئایا گیانیلەدەستداوە یاخود بریندارە".

وتیشى "نەخۆشخانەى فێرکارى جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە عەمیدەکە نەهێنراوەتە نەخۆشخانەکە".

ئاماژەى بەوەش کرد "لەناو ئۆتۆمبێلەکەی عەمیدەکەدا جامانە و پێڵاوى بەجێماوە و دەوترێت ئەو کەسانەى تەقەیان لێکردووە بە بریندارى رفاندوویانە".

هاوکات میدیاکانى یەکێتى لەسەرچاوەیەکى ئەمنییەوە بڵاویان کردەوە "لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیاری دەستگیرکردنی داواکراو موراد کانی کوردەیی لەدوای ئەوەی ویستراوە یاسا جێبەجێبکرێت، ڕووبەڕووی ھێزە ئەمنییەکان دەبێتەوە و کارمەندێکی ھێزە ئەمنییەکان شەھید دەکەن و کارمەندێکی تریش بریندار دەکرێت ".

سەرچاوەكە بەمیدیاکانى یەکێتى وتووە "لەئەنجامدا ھێزە ئەمنییەکان وەڵامیان داوەتەوە و موردا کانی کوردەیی دەکوژرێت".

پێشتر پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى رایگەیاند "لەرانیە عەمید موراد کانی کوردەیی و چوار کەسی تر دراونەتە بەر دەستڕێژى گولە".

پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى ئاماژەى بەوە کرد "عەمید موراد کانى کوردەیى ئەفسەرى پۆلیس لە بەڕێوبەرایەتى پۆلیسى راپەڕین لەگەڵ چوار کەسى تر لە رانیە دراونەتە بەر دەسترێژى گولە".

کەسێکى نزیک لە عەمید موراد کانى کوردەیى بۆ ئێن ئاڕ تى هەواڵى تەقەکردن لە عەمید موراد کانى کوردەیى پشتڕاست کردەوە و ئاماژەى بەوە کرد کە ناوبراو شەش گولەى پێوە نراوە.

وتیشى "عەمید موراد کانى کوردەیى ئەمڕۆ لە سلێمانییەوە بۆ دەوامکردن لە بەڕێوبەرایەتى پۆلیسى راپەڕین گەڕاوەتەوە بۆ رانیە".

بەوتەى پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى لە ناوەندى قەزاى رانیە و لە نزیک بنکەیەکى سەر بە پۆلیسى راپەڕین تەقەیان لێکراوە.

پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى پەیوەندى کرد بە پۆلیسى رانیەوە بەڵام وەڵامى پەیوەندییەکانیان نەدایەوە.

موراد کانی کوردەیی فەرماندەیەکی نزیک لە لاهورجەنگی بووە و بەڕێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ڕاپەڕین بووە و چەند ڕۆژێک بووە لە پۆستەکەی لادراوە و گواستراوەتەوە بەشی لێکۆڵینەوە ی پۆلیسی ڕاپەڕین.

 

 

 
 
سابیر عەبدوڵا، رانیە 














گەلەری