پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى رایگەیاند "لەرانیە عەمید موراد کانی کوردەیی و سێ کەسی تر دراونەتە بەر دەستڕێژى گولە".
پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى ئاماژەى بەوە کرد "عەمید موراد کانى کوردەیى ئەفسەرى پۆلیس لە بەڕێوبەرایەتى پۆلیسى راپەڕین و فەرماندەى نزیک لە لاهور جەنگى لەگەڵ سێ کەسى تر کە یەکێکیان کوڕییەتى لە رانیە دراونەتە بەر دەسترێژى گولە".
کەسێکى نزیک لە عەمید
موراد کانى کوردەیى بۆ ئێن ئاڕ تى هەواڵى تەقەکردن لە عەمید موراد کانى کوردەیى
پشتڕاست کردەوە و ئاماژەى بەوە کرد کە ناوبراو شەش گولەى پێوە نراوە.
وتیشى "عەمید
موراد کانى کوردەیى ئەمڕۆ لە سلێمانییەوە بۆ دەوامکردن لە بەڕێوبەرایەتى پۆلیسى
راپەڕین گەڕاوەتەوە بۆ رانیە".
بەوتەى پەیامنێرى ئێن
ئاڕ تى لە ناوەندى قەزاى رانیە و لە نزیک بنکەیەکى سەر بە پۆلیسى راپەڕین تەقەیان
لێکراوە.
پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى پەیوەندى کرد بە پۆلیسى
رانیەوە بەڵام وەڵامى پەیوەندییەکانیان نەدایەوە.
هاوکات میدیاکانى یەکێتى لەسەرچاوەیەکى ئەمنییەوە بڵاویان کردەوە "لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیاری دەستگیرکردنی داواکراو موراد کانی کوردەیی لەدوای ئەوەی ویستراوە یاسا جێبەجێبکرێت، ڕووبەڕووی ھێزە ئەمنییەکان دەبێتەوە و کارمەندێکی ھێزە ئەمنییەکان شەھید دەکەن و کارمەندێکی تریش بریندار دەکرێت ".
سەرچاوەكە بەمیدیاکانى یەکێتى وتووە "لەئەنجامدا ھێزە ئەمنییەکان وەڵامیان داوەتەوە و موردا کانی کوردەیی دەکوژرێت".
موراد کانی کوردەیی فەرماندەیەکی نزیک لە لاهورجەنگی بووە و بەڕێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ڕاپەڕین بووە و چەند ڕۆژێک بووە لە پۆستەکەی لادراوە و گواستراوەتەوە بەشی لێکۆڵینەوە ی پۆلیسی ڕاپەڕین.