بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە فەرەنسا، ئەو دوو کۆچبەرەی رزگاریان بوو لە چوپە نوقومبوەکەی دوێنێدا یەکیان کوردە و ئەوی دیکەیان سۆماڵیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە گوێرەی زانیارییەکانی کارزان عەلی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە فەرەنسا ئەو کۆچبەرە کوردەی رزگار کرا لە ناو ئەو چوپەی دوێنێ نقوبوو ناوی "محمد خالید"ە.
ئاماژەی بەوەشدا، کۆچبەرە سۆماڵیەکەش کە لەناو ھەمان چوپدا رزگارکرا ناوی "عومەر"ە.
دەشڵێت، لە ئێستادا ھەردوو کۆچبەرەکە گوازراونەتەوە بۆ بنکەی پۆلیسی کالاس بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵیان.
ھەر ئەمڕۆش، کارزان عەلی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لەبەردەم نەخۆشخانەی کاڵاسەوە ئاماژەی بەوەدا، لە نەخۆشخانەی کاڵاس تەرمی ٣١ کۆچبەری لێیە کە دوێنێ بەلەمەکەیان نقومبوو.
ئەوەشی خستەڕوو، "زۆربەیان کوردن و خەڵکی ھەرێمی کوردستانن".
وتیشی، ژمارەیەک لە کۆچبەرەکان رزگارکراون و دووان لەوان لە نەخۆشخانەکەدا لە ژێر چاودێری چڕدان.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوەشکرد، لەیلا عومەر جێگری پارێزگاری سلێمانی چەند رۆژێکە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسایە کە چەند کیلۆمەترێک لە شاری کاڵاسەوە دوورە، بەڵام ئامادەنەبووە سەردانی نەخۆشخانەکە بکات و بەدواداچوونی بۆ کەیسەکە بکات.
دەشڵێت، ھیچ میدیا و بەرپرسێکی کوردی بەدواداچوونی بۆ کەیسەکە نەکردووە.
ئەمە لەکاتیکدایە، دوێنێ ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، دەیان کۆچبەر کە دەیانویست لە فەڕەنساوە بگەنە بەڕیتانیا لە رێگەی کەنداوی ئینگلیزییەوە نوقومبوون و تا ئێستا تیمەکانی رزگارکردن سەرقاڵی بەدواداچوونن بۆ کەیسەکە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی ٢٧ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە لە ناوچەی کاڵیاس و تەرمەکانیان گەیشتوونەتە ناوچەکانی بەڕیتانیا و دەشڵێت " پێدەچێت ژمارەی گیانلەدەستان زیاد بکات بەھۆی ئەوەی زۆرینەیان بارودۆخی تەندروستییان ناجێگیرە".
ھاوکات وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا جیراڵد دارمانین رایگەیاند "ژمارەی ئەو تەرمانەی تا ئێستا دەرھێنراون ٣١ تەرمە کە پێنج ژن و منداڵێکیان لە ناودایە تا ئێستا ٢ کەس رزگار کراون و ژمارەی قوربانیان تا دێت بەرزتر دەبێتەوە".
وەزیری ناوخۆی فەڕەسا بە گەورەترین کارەساتی خوێناوی ناوی برد، وتیشی چوار قاچاخچیمان دەستگیر کردووە و لەگەڵ بەریتانیا لە پەیوەندیدان بۆ رێگری لە کارەساتی ھاوشێوە.