سەردێڕ:

وەزارەتی کارەبا هۆکاری کەمبونەوەی بڕی کارەبا ئاشکرا دەکات

PM:02:58:25/11/2021

16736 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبا لەبارەی کەمبوونەوەی بڕی کارەباوە رایگەیاند، لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا بۆ پێنج هەزار مێگاوات و نزمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، کارەبا کەمیکردووەو ئەم بارودۆخەش کاتییە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی کارەبای حکومەتی ھەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، "لەماوەی ئەم چەند رۆژەدا، لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر بەکارھێنانی کارەبا بۆ پێنج ھەزار مێگاوات، ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا نزم بووەتەوە".
ئاماژەی بەوەشداوە، "ھاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە ئەم بارودۆخە کاتییە و لە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە".
بەگوێرەی راگەیانراوەکەی وەزارەتی کارەبا، پێشبینی دەکرێت ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا بۆ سێ ھەزار و ٨٠٠ مێگاوات بەرز بێتەوە و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەباش ئاسایی ببێتەوە.
لە بارەی ھۆکاری کەمبوونەوەی بەرھەمھێنانی کارەبا لەم چەند رۆژەی دواییدا، راگەیەنراوەکەی وەزارەتی کارەبا ئەوەی خستووەتەڕوو، وێستگەی بەرھەمھێنانی ١٦٥ مێگاواتیی گەرمیان بە مەبەستی فراوانکردنی وێستگەکە و دانانی چەند یەکەیەکی نوێ بۆ بەرزکردنەوەی بەرھەمھێنان بۆ ئاستی ٢٠٠ مێگاوات کارەبا راوەستاوە. 
ھەروەھا، راوەستانی ١٣٠ مێگاوات کارەبا لە ھێڵی تورکیاوە کە ھیچ پەیوەندی بە وەزارەتی کارەبا و حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە نییە و راستەوخۆ لەلایەن تورکیاوە بڕدراوە.
دەشڵێت، ھەردوو یەکەی وێستگەی خەبات بەھۆی پرۆسەی چاککردنەوەوە راگیراون و لە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو بەگەڕ دەخرێنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، بە درێژایی ماوەی ٣٠ساڵی حکومڕانی دەسەڵاتی کوردی نەیتوانیوە کێشەی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان چارەسەربکات و کارەبای ھەمیشەیی، کە سەرەتایی ترین مافی ھاوڵاتییانی کوردستانە دابین بکات. بەردەوام بەرپرسانی حزبی و حکومی بەڵێن و مژدەی چاک کردنی کارەبا بەھاوڵاتییان دەدەن لەکاتێکدا لە نۆکابینەی حکومەتی ھەرێمدا ئەو کێشەیە بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.












گەلەری