سەردێڕ:

وەزارەتی نەوت بڕ و داھاتی نەوتی فرۆشراوی مانگی تشرینی یەکەمی عێراقی ئاشکرا کرد

PM:02:37:25/11/2021

5960 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، مانگی تشرینی یەکەم زیاتر لە ٩٦ ملیۆن بەرمیل نەوت بە بەھای زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار فرۆشراوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکانی کۆمپانیای سۆمۆ لەمانگی تشرینی یەکەمدا بڕی ٩٦ ملیۆن و ٧٠٨ ھەزار و ٦٦٠ بەرمیل نەوت فرۆشراوە و ھەناردەی دەرەوە کراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، داھاتی نەوتە فرۆشراوەکە بریتییە لە حەوت ملیار و ٦٦٦ ملیۆن و ٤٩٥ ھەزار دۆلاری ئەمەریکی.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، بڕی نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکانی کەرکوک لە رێگەی بەندەری جیھانەوە سێ ملیۆن و ١١ ھەزار و ٩١٧ بەرمیل بووە. دەشڵێت، بڕی نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق ٩٣ ملیۆن و ٣٨٦ ھەزار و ٩٧٥ بەرمیل بووە.
ھەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوتی فرۆشراو  ٧٩ دۆلار و ٢٧ سەنت بووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، نەوتە فرۆشراوەکە لە لایەن ٣٢ کۆمپانیای جیاوازەوە ھەناردەی دەرەوەی وڵات کراوە لە بەندەرەکانی بەسرە و خورئەلعەمییە و عەوامات ئەلئەحادییە لەسەر کەنداو و  بەندەری جیھان لە تورکیا.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٠ی مانگی تەمموز بۆ یەکەمجار لە ماوەی پێنج مانگی رابردوو نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ زیاتر لە ٦٣ دۆلار دابەزی.
بەپێی پێشبینییەکان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات و بۆ ٩٦ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەبێتەوە.












گەلەری