سەردێڕ:

ژمارەیەک کۆچبەری عێراقی لە بیلاروسیاوە لە چاوەڕوانی گەڕانەوەدان

PM:01:22:25/11/2021

4768 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی بیلاروسیا رایگەیاند، تائێستا ئەو فڕۆکەیەی بڕیارە کۆچبەرانی عێراقی بگەڕێنێتەوە وڵاتی خۆیان لە ئێستادا نەگەیشتووەتە فڕۆکەخانەی مینسک. دەشڵێت، "٢٠٠ کۆچبەری عێراقی لە چاوەڕوانیدان بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەلێکسەندەر ڤۆڵڤۆفیچ سکرتێری دەوڵەت بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی بیلاروسیا بە ئاژانسی فەرمی بیلتای وڵاتەکەی راگەیاند، بەداخەوە یەکێتی ئەوروپا ھیچ ھەنگاوێکی کرداری نەنا بەرامبەر کۆچبەران.
ئاماژەی بەوەشدا، بەگوێرەی ئەو رێوشوێنانەی بڕیارە بگیرێنەبەر بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانەی بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە بەنیازن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان بەچەند ھۆکارێک لە فڕۆکەخانەی مینسکی نێودەوڵەتی گیریان خواردووە و لە چاوەڕوانیدان.
دەشڵێت، ھێشتا فڕۆکە عێراقییەکە نەگەیشتووە و ٢٠٠ کۆچبەر لە چاوەڕوانی گەیشتنی فڕۆکەدان تا بەگەڕێنەوە عێراق.
ئەلێکسەندەر ڤۆڵڤۆفیچ پێداگری کرد لەسەر ئەوەی بیلاروسیا بەرپرس نییە لە دروستکردنی کێشەی کۆچبەران، بەڵکو پێویستە لەبنەڕەت و ھۆکاری سەرھەڵدانی کێشەکە بکۆڵنەوە کەبریتییە لە رەفتای ئەوروپا لەگەڵ وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست.
ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەیەکە دیاردەی کۆچی ھاوڵاتییانی ھەرێم و عێراق بۆ بیلاڕوسیا و دواتر بۆ پۆڵەندا و وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێکردووە، بەوھۆیەوە پۆڵەندا ژمارەی سەربازەکانی لەسەر سنور زیاتر کردووە.
ئەو کۆچبەرانە باس لەوەدەکەن، بەھۆی سەختی ژیان و نەبوونی ھەلی کار و دامەزراندن و خراپی دۆخی ئابوری و پەککەوتنی زۆرینەی کەرتەکانی ژیان روو لەو وڵاتانە و ئەو رێگا سەختە دەکەن.
کۆچی ئەمجارەی ھاوڵاتیانی ھەرێم جیاوازە و بە منداڵ و گەنج و پیرەوە لەسەر سنوری بیلاروسیان، لە چەند رۆژی رابردووشدا منداڵێک و مێردمنداڵێکی ١٤ ساڵ و ژمارەیەک کۆچبەر بەھۆی سەرماوە لەسەر ھەمان سنور گیانیان لەدەستدا.













گەلەری