سەردێڕ:

ئەو خوێندکارەی شەق لەسەری درا قسە بۆ ئێن ئاڕ تی دەکات

PM:12:36:25/11/2021

24448 جار خوێندراوەتەوە

ئاکار، ئەو خوێندکارەی لەلایەن ھێزەکانی ئاسایشەوە ئازاریاندا و گرتەی ڤیدیۆیی رووداوەکە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەخێرایی بڵاوبووەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بۆ پشتیوانی خۆپیشاندانی خوێندکارانی کردووە و ھیچ کارێکی نەکردووە شایستەی ئەو ئەشکەنجەدانەبێت.


ئاماژەی بەوەشدا، بەھۆی ئەشکەنجەدانییەوە، ئازار بەسەری و ھەردوو دەستی و قاچی کەوتووە و دەشڵێت، "ھێشتا سەری ئازاری ھەیە".
 ئاماژەی بەوەدا، بە گوێرەی ئەوەی بەشێک لەکەس و کارەکانی لەناو ریزەکانی ئاسایشدایە، باسی ئەوەیان نەکردووە ئەو کەسەی ئەو رەفتارەی کردووە دەستگیرکرابێت.
بەھۆی ئازاری سەرمەوە تا ئێستا نەچوومەتەدەرەوە و ھیچ لێدوانێکم نەداوە، بەڵام ئێستا کاتییەتی.
وتیشی، بەچوار کەس منییان خستەناو ئۆتۆمبێلێکەوە کە دوو خوێندکاری دیکەی تێدابوو، بەڵام دوای بیست خولەک یەکێکی دیکە ھات و پێی وتن، "بەری بدەن ڤیدیۆکەی بڵاوبووەتەوە".
ئاماژەی بەوەشدا، "لەکاتی دەستگیرکردنیدا یەکێکیان پێی وتووە تۆ بۆ دزیکردن ھاتویت، منیش پێناسەکەم پێدا و پێم وت خوێندکارم بیسەلمێنە کە دزم".
باسی لەوەشکرد، ئەو خوێندکاری بەشی ژمێریاری پەیمانگای تەکنیکی سلێمانییە و ماڵیان لەگەڕەکی سەیوانی شاری سلێمانییە و بەھۆی ئەوەی ناتوانێت بە پاس ھاتووچۆبکات، ناچار لە ماڵەوە بۆ پەیمانگا بە پێ ھاتووچۆ دەکات. 
لەکاتی روودانی خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بەشێوەیەکی خێرا بڵاوکرایەوە تیایدا دەردەکەوێت ژمارەیەک چەکدار و چەند کەسێکی دیکە بە جلوبەرگی مەدەنیەوە لە خوێندکارێک دەدەن و یەکێکیان بەشەق لەسەری خوێندکارەکە دەدات.
ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی پێنج رۆژە خۆپیشاندانی نارەزایەتی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ پێدانی دەرماڵە و دژی نەبوونی خزمەتگوزاری بەردەوامی ھەیە و لە رۆژانی رابردوودا ھێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران داری کارەبایی و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارھێنا و بەو ھۆیەوە چەند خۆپیشاندەرێک بریندار بوون.
دوێنێش، ھێزە ئەمنییەکان نەک تەنھا داری کارەبایی گازی فرمێسکرێژ، بەڵکو تەقەیان بەسەر خوێندکارانیشدا کرد لە سلێمانی و لە دھۆکیش بە زەبری ھێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا.
وەک ھەوڵێکیش بۆ دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکان لە ھەریەکە لە زانکۆکانی، سلێمانی، پۆلیتەکنیکی سلێمانی، ھەڵەبجە و راپەڕین دەوامی خوێندکاران بۆ ماوەی دوو رۆژ راگیرا و بەشە ناوخۆییەکان داخران.
دوێنێش، سەرەڕای ئەوەی خۆپیشاندانی زانکۆی سلێمانی ھێمنانە بوو، بەڵام ھێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسک رێژیان دژ بە خوێندکاران بەکارھێنا و بەھۆیەوە دۆخی تەندروستی بەشێکی خوێندکاران تێکچوو.













گەلەری