سەردێڕ:

بانکی نێودەوڵەتی لە بارەی کێشەی ئاو لە عێراق ھۆشداریدەدات

AM:08:49:25/11/2021

9396 جار خوێندراوەتەوە

بانکی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٥٠ عێراق روبەڕووی دابەزینی ئاستی ئاو دەبێت بەھۆی ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر کەشوھەوادا دێت و ھۆشداریدا لە کاریگەرییەکانی لەسەر گەشەسەندن و بەگەڕخستنی ئابوری و ژیان لە وڵاتدا.


بەڕێوەبەری ھەرێمیی فەرمانگەی خۆرھەڵاتی بانکی نێودەوڵەتی لە راگەیەنراوێکیدا ئاشکرای کرد، بە بێ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست، کەرتی ئاو لە عێراقدا دەبێتە زیانێکی گەورەی بەردەکەوێت و بەمەش کاریگەری لەسەر ژیانی جوتیاران دادەنێت.
سارۆج کۆمار جیھا بەڕێوەبەری ھەرێمیی فەرمانگەی خۆرھەڵاتی بانکی نێودەوڵەتی لە راگەیەنراوێکیدا ئاشکرای کرد، بە بێ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست، ئەو بەربەستانەی دەخرێنە بەردەم کەرتی ئاو لە عێراقدا دەبێتە ھۆی زیانێکی گەورەی ئابوری و بەمەش کاریگەری لەسەر ژیانی ئەوکەسانە دروستدەکات کە پێویستییەکی زۆریان بە ئاوە لە جوتیارەکان لە وڵاتدا.
ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ ھاتنی ساڵی ٢٠٥٠ پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە و بەمەش ٢٠٪ ئاستی ئاوی شیرین لە عێراق دادەبەزێت.
راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەژێر کاریگەری ئەم گۆڕانکارییانەشدا سێ یەکی زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق ئاوییان پێناگات و بەمەش زیانێکی گەورە بە کەرتی کشتوکاڵ دەکەوێت و تێکڕای بەرھەمھێنانی ناوخۆیی بەڕێژەی  ٤٪ کەمدەکات و بە بەھای شەش ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار زیان بە عێراق دەگات بەراورد بە ساڵی  ٢٠١٦.
راگەیەنراوەکە باسی لەوەشکردووە، کەمی ئاولە ئێستادا بووەتەھۆی ناچارکردنی بەشێک لە دانیشتوانی باشوری عێراق کۆچبکەن بۆ ناوچەکانی دیکە.
ئەمە لەکاتێدایە، سەرەڕای وشکەساڵی و کەمبارانی و دابەزینی ئاستی ئاوی سەرزەوی، ھەریەک لە ئێران و تورکیا بەردەوامن لە دروستکردنی بەنداوەکان و پرۆژەکانیان لەسەر ئەو سەرچاوە ئاوییانەی دێنە ناو خاکی عێراقەوە، بەمەش کێشەکانی ئاو و دابەشکردنی لە نێوان ئەو سێ وڵاتەدا چووەتەقۆناغێکی نوێوە و بەرەو ئاڵۆزتربوون ھەنگاوی ناوە. بەمەش پێشبیندەکرێت لە چەند ساڵی داھاتوودا کێشەی ئاو ببێتە یەکێک لە کێشە سەرکییەکانی نێوان عێراق و ئێران و تورکیا.
دوێنێ، مەھدی رەشید حەمدانی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند، ئێران بەتەواوەتی سەرچاوە ئاوییەکانی لە عێراق گرتووەتەوە و ئاستی بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق لەو وڵاتەوە گەیشتووەتە سفر.
لە ماوەی رابردوودا حکومەتی عێراق چەندین جار شاندی رەوانەی ئێران و تورکیا کردووە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە، ھاوکات، چەندین جار لایەنی پەیوەندیدار ھۆشداریداوە لە زیدبوونی دیاردەی بەبیابان بوونی ناوچەکانی باشور و ھۆرەکان.

کـ ، ئـ












گەلەری