سەردێڕ:

سبەینێ لەم دوو زانکۆیەى کوردستان کرایە پشوو

PM:07:11:24/11/2021

29940 جار خوێندراوەتەوە

زانکۆکانی گەرمیان و چەرموو لە چەمچەماڵ لە دوو راگەیەندراوى جیادا دەوامى سبەینێی زانکۆکانیان کردە پشوو بۆ خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆکە.


لە راگەیەندراوەکەى زانکۆى گەرمیاندا ئاماژە بەوە کراوە "بەمەبەستی پاراستنی گیانی خوێندکاران و ستافی زانکۆمان و بەدوورگرتنیان لە هەر گرژی و پێکدادانێک ، ئەنجومەنی زانکۆی گەرمیان بڕیاریدا : دەوامی سبەینێ رابگرێت.

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "سبەینێ پێنجشەممە لە زانکۆی گەرمیان دەوام نابێت" .

هاوکات ئەنجومەنی زانکۆی چەرموو راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە "لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنى زانکۆدا بۆ سەلامەتى و پارێزگاریکردنی کچ و کوڕەکانمان بڕیاردرا بەڕاگرتنی دەوام لە زانکۆدا تاكو ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ى داهاتوو".

ماوەى چوار رۆژە خۆپیشاندانى نارەزایەتى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ پێدانى دەرماڵە و دژى نەبوونى خزمەتگوزارى بەردەوامى هەیە و هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنى خۆپیشاندەران دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا و بەو هۆیەوە چەند خۆپیشاندەرێک بریندار بوون.

دوێنێش، هێزە ئەمنییەکان نەک تەنها دارى کارەبایى گازی فرمێسکرێژ، بەڵکو تەقەیان بەسەر خوێندکارانیشدا کرد لە سلێمانی و لە دهۆکیش بە زەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا.

وەک هەوڵێکیش بۆ دامرکاندنەوەى خۆپیشاندانەکان لە هەریەکە لە زانکۆکانی، سلێمانی، پۆلیتەکنیکی سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین دەوامی خوێندکاران بۆ ماوەی دوو رۆژ راگیرا و بەشە ناوخۆییەکان داخران.

ئەمڕۆش سەرەڕای ئەوەی خۆپیشاندانی زانکۆی سلێمانی هێمنانە بوو بەڵام هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسک رێژیان دژ بە خوێندکاران بەکارهێنا و بەهۆیەوە دۆخی تەندروستی بەشێکی خوێندکاران تێکچوو.













گەلەری