سەردێڕ:

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم تەنها بڕیاری دابینکردنی بودجەیەکی تایبەتیان بۆ خویندکاران دا

PM:01:16:24/11/2021

68008 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوونەوە و تیایدا بڕیاریان داوە بودجەیەکی تایبەت بۆ گرفتی خوێندکاران تەرخان بکرێت، کە ئەوەش بەو مانایە دێت بڕیاری دەرماڵەی خوێندکارانیان نەداوە.


دەرماڵەی خویندکاران بڕێک پارەیە کە بەپێی شوێنی نیشتەجێبوونی خوێندکار بڕەکەی دیاریدەکرێت و مانگانە پێیان دەدرێت. بەڵام بودجەی تایبەت، دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی گرفتی بەشە ناوخۆییەکان و بەشێکی گرفتی خوێندکاران بێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا و دەرماڵەی مانگانە نەبێت.
 ماوەی چوار رۆژە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنی پێدانی دەرماڵە گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و دوێنێ بۆ بڵاوەپێکردنی خوێندکاران ھێزە ئەمنییەکان داری کارەبایی و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارھێنا و بەو ھۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون.
دوێنێش، ھێزە ئەمنییەکان نەک تەنھا گازی فرمێسک رێژ، بەڵکو تەقەیان بەسەر خوێندکارانیشدا کرد لە سلێمانی و لە دھۆکیش بە زەبری ھێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا.
ئەو خوێندکارانە باس لەوەدەکەن، دۆخ و باری ئابوریان سەختە و دەبیت حکومەت بەدەم داواکانیانەوە بچێت و دەرماڵەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە.
لە ساڵانی رابردوودا، چەندین خوێندکار ھەبوون بەھۆی سەختی دۆخی ئابورییەوە وازیان لە خوێندن ھێناوە، یان رێگای ئەوروپایان گرتووەتەبەر، یانیش ساڵێکی خوێندنیان کردووەتە مۆڵەت و کاریان کردووە، یانیش کەم خوێندکار ھەیە لەگەڵ خوێندنەکەیدا کاری نەکردبێت.
خوێندکاران سورن لەسەر داواکارییەکانیان، سەرەڕای ئەوەی دوو رۆژ پشوو راگەیاندرا، بەڵام خوێندکاران دەڵێن، کە ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت ئەوان خۆپیشاندان ئەنجام نەدەن.
ھەر دوێنێش، لە ھەریەکە لە زانکۆکانی، سلێمانی، پۆلیتەکنیکی سلێمانی، ھەڵەبجە و راپەڕین دەوامی خوێندکاران بۆ ماوەی دوو رۆژ راگیرا و بەشە ناوخۆییەکان داخران.
ئەمڕۆش سەرەڕای ئەوەی خۆپیشاندانی زانکۆی سلێمانی ھێمنانە بوو و خوێندکاران دانیشتبوون بەڵام ھێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسک رێژیان ھەڵدایە ناو خوێندکاران و راویان نان بەھۆیەوە دۆخی تەندروستی بەشێکی خوێندکاران تێکچوو و دیمەنی ناو زانکۆی سلێمانی لە ئێستادا پڕە لە دوکەڵی گازی فرمێسک رێژ.
لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەرماڵەی خوێندکارانی ھەرێم لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی ٤٠ ھەزار دینار و بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠ ھەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو بڕی ١٠٠ ھەزار دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە پارەیە لانی کەم کرێی ھاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن.

ھـ.ئـ












گەلەری