سەردێڕ:

لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوە؛ مامۆستایانی ئایینی هەڵوێستی خۆیان راگەیاند

AM:11:41:24/11/2021

23384 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی هەرێم لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوە هاتنە دەنگ و بە سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم دەڵێن، "وڵاتەکەمان لەڕووی سومعەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی زۆر لەکەدار بووە"، پشتگیری داواکانی قوتابیان دەکەن و بە هێزە ئەمنییەکانیش دەڵێن، "لێدان و شەق وەشاندن و ئیهانەکردنی خەڵک و میللەتی خۆت تاوانەو پەڵەیەکی رەشی مێژوییە."


ژمارەیەک مامۆستای ئایینی لە راگەیاندراوێکدا کە ئاراستەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و خوێندنی باڵا و دەسەڵاتدارانی هەرێمیان کردووە و ژمارەیان ٣٤ مامۆستایە و بە ناوی چەندین مامۆستای ئایینی دیکەوە راگەیاندراوەکەیان بڵاوکردووەتەوە پشتگیری خوێندکاران دەکەن.

ئەو مامۆستایانە بە هێزە ئەمنییەکان دەڵێن، "کارەکەتان بەرپرسیایەتییە لە رۆژی دوایی، لەدونیاش پشتگیری زاڵم و ستەم کارەکان مەکەن، لێدان و شەق وەشاندن و ئیهانەکردنی خەڵک و میللەتی خۆت تاوانەو پەڵەیەکی رەشی مێژوییە."

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، "ئێمە ئاگاداری رووداوەکانی ئەم دواییەی هەرێمین، ئاماژەی زۆر ترسناک لەسەر رەوشی ئێستای هەرێمەکەمان هەیە، قات و قوڕی و نەبوونی موچە و کۆمەڵێک گرفتی خزمەتگوزاری رووی لە خەڵک و جەماوەر کردووە، خەڵکی بێزار و بێ تاقەت کردووە، ئەمەش بووەتە هۆکار گەنجان وڵات بەچی دێڵن و لەسنور و بەحرەکان دەمرن."

دەشڵێن، "باری ژیانی قوتابیان زۆر قورس بووە و وڵات لە رووی سومعەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی زۆر لەکەدار بووە، ئەمەش کارەساتە وڵاتێک ئەم هەموو سەروەت و نەوت و کەرستەی خاوەی هەبێت و خەڵک و قوتابی لەبرساندا و لە بێکاریدا کۆچ بکات، شوینی حەوانەوەی و بەشەناوخۆییەکانی کەمترین خزمەتگوزری نەبێت."

چەند داواکاریەکیش دەخەنە بەدەستی قوتابیان و بەرپرسانیش. لە دەقی داواکارییەکاندا هاتووە:

١- قوتابیانی خۆشەویست داواکاریەکانتان ڕاست و رەوایە بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەین مەهێڵن داواکاریەکانتان بەلاڕێدا بڕوات و توند و تێژی لێبکەوێتەوە و مافەکانتان لەدەست بدەن.

٢- هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و بەرگری نیشتیمانی کارەکەتان بەرپرسیایەتیە لە رۆژی دوایی، لەدونیاش پشتگیری زاڵم و ستەم کارەکان مەکەن، چونکە خودا دەفەرموێت ( وَلاَ تَرْكَنُوا إِلَى الَّذِينَ ظَلَمُوا فَتَمَسَّكُمُ النَّارُ )، منداڵەکانت بەپارەی حەرام پەروەردە مەکە. لێدان و شەق وەشاندن و ئیهانە کردنی خەڵک و میللەتی خۆت تاوانە و پەڵەیەکی رەشی مێژوییە.

٣- داوا لەهەر سێ سەرۆکایەتیەکە دەکەین بەزووترین کات بێنە سەر خەت و مافی تەواوی خزمەتگوزاری قوتابیان دابین بکەن، زیاتر لەوە زۆر لە قوتابیان نەکەن باوەزعەکە لەدەست نەچێت، دوای تەواوی پرۆسەکە لەدەست بدەن. پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم، (اللهم من ولي من أمر أمتي شيئاً فشق عليهم فشقق عليه، ومن ولي من أمر أمتي شيئاً فرفق بهم فأرفق به).

ماوەى چوار رۆژە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و دوێنێ بۆ بڵاوەپێکردنى خوێندکاران هێزە ئەمنییەکان دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا و بەو هۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون.

دوێنێش، هێزە ئەمنییەکان نەک تەنها گازی فرمێسک رێژ، بەڵکو تەقەیان بەسەر خوێندکارانیشدا کرد لە سلێمانی و لە دهۆکیش بە زەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا.

ئەو خوێندکارانە باس لەوەدەکەن، دۆخ و باری ئابوریان سەختە و دەبیت حکومەت بەدەم داواکانیانەوە بچێت و دەرماڵەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە.

لە ساڵانی رابردوودا، چەندین خوێندکار هەبوون بەهۆی سەختی دۆخی ئابورییەوە وازیان لە خوێندن هێناوە، یان رێگای ئەوروپایان گرتووەتەبەر، یانیش ساڵێکی خوێندنیان کردووەتە مۆڵەت و کاریان کردووە، یانیش کەم خوێندکار هەیە لەگەڵ خوێندنەکەیدا کاری نەکردبێت.

خوێندکاران سورن لەسەر داواکارییەکانیان، سەرەڕای ئەوەی دوو رۆژ پشوو راگەیاندرا، بەڵام خوێندکاران دەڵێن، کە ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت ئەوان خۆپیشاندان ئەنجام نەدەن.

هەر دوێنێش، لە هەریەکە لە زانکۆکانی، سلێمانی، پۆلیتەکنیکی سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین دەوامی خوێندکاران بۆ ماوەی دوو رۆژ راگیرا و بەشە ناوخۆییەکان داخران.

ئەمڕۆش سەرەڕای ئەوەی خۆپیشاندانی زانکۆی سلێمانی هێمنانە بوو و خوێندکاران دانیشتبوون بەڵام هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسک رێژیان هەڵدایە ناو خوێندکاران و راویان نان بەهۆیەوە دۆخی تەندروستی بەشێکی خوێندکاران تێکچوو و دیمەنی ناو زانکۆی سلێمانی لە ئێستادا پڕە لە دوکەڵی گازی فرمێسک رێژ.

لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەرماڵەی خوێندکارانی هەرێم لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی ٤٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو بڕی ١٠٠ هەزار دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە پارەیە لانی کەم کرێی هاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن.

هـ.ئـ













گەلەری