سەردێڕ:

بۆ سێیەم رۆژ؛ هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسک رێژ دەگرنە خوێندکاران

AM:11:05:24/11/2021

6968 جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕای ئەوەی خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی هێمنانە بوو و لەبەردەم زانکۆدا گردببوونەوە و دانیشتبوون، بەڵام هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسک رێژیان تێدەگرن و راویان دەنێن.


لە ئێستادا خوێندکاران لە رێگای بڵندگۆوە هاوار دەکەن "ئاشتی"، بەڵام هێزە ئەمنییەکان راوەدووی خوێندکاران دەنێن و دۆخی تەندروستی بەشێکی خوێندکاران و پەیامنێری ئێن ئاڕ تی و وێنەگرەکەی تێکچووە.

 

ماوەى چوار رۆژە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و دوێنێ بۆ بڵاوەپێکردنى خوێندکاران هێزە ئەمنییەکان دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا و بەو هۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون.

دوێنێش، هێزە ئەمنییەکان نەک تەنها گازی فرمێسک رێژ، بەڵکو تەقەیان بەسەر خوێندکارانیشدا کرد لە سلێمانی و لە دهۆکیش بە زەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا.

هەر دوێنێش، لە هەریەکە لە زانکۆکانی، سلێمانی، پۆلیتەکنیکی سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین دەوامی خوێندکاران بۆ ماوەی دوو رۆژ راگیرا و بەشە ناوخۆییەکان داخران.

ئەمڕۆش سەرەڕای ئەوەی خۆپیشاندانی زانکۆی سلێمانی هێمنانە بوو و خوێندکاران دانیشتبوون بەڵام هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسک رێژیان هەڵدایە ناو خوێندکاران و راویان نان بەهۆیەوە دۆخی تەندروستی بەشێکی خوێندکاران تێکچوو و دیمەنی ناو زانکۆی سلێمانی لە ئێستادا پڕە لە دوکەڵی گازی فرمێسک رێژ.

لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەرماڵەی خوێندکارانی هەرێم لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی ٤٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو بڕی ١٠٠ هەزار دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە پارەیە لانی کەم کرێی هاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن.

گۆران لوقمان، سلێمانی

هـ.ئـ

 













گەلەری