ھەر ئەمڕۆش، بۆ رۆژی چوارەم خوێندکاران لەبەردەم زانکۆی سلێمانیدان و بۆ ئەمڕۆ ھەر خوێندکارێک و قەڵەمێکی بەرزکردووەتەوە و لە رێگای بەرزکردنەوەی قەڵەمەکانیانەوە دەیانەوێت داواکارییەکانیان بگەیەنن.
لە ھەڵەبجەش خوێندکاران لەبەردەم زانکۆی ھەڵەبجەدا دەستیان بە خۆپیشاندان کردووەتەوە و بەشێکی مامۆستایانیش پشتگیریان دەکەن.
خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان باس لەوەدەکەن، کە ئەوان سوورن لەسەر داواکارییەکانیان و راگەیاندنی پشوو مانای ئەوە نییە خۆپیشاندان نەکەن.
ماوەی چوار رۆژە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنی پێدانی دەرماڵە گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و دوێنێ بۆ بڵاوەپێکردنی خوێندکاران ھێزە ئەمنییەکان داری کارەبایی و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارھێنا و بەو ھۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون.
لەلایەن خۆیانەوە، ھێزە ئەمنییەکان نەک تەنھا گازی فرمێسک رێژ، بەڵکو تەقەیان بەسەر خوێندکارانیشدا کرد لە سلێمانی و لە دھۆکیش بە زەبری ھێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا.
ھەریەکە لە زانکۆکانی، سلێمانی، پۆلیتەکنیکی سلێمانی، ھەڵەبجە و راپەڕین دەوامی خوێندکاران بۆ ماوەی دوو رۆژ راگیرا و بەشە ناوخۆییەکان داخران.
لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەرماڵەی خوێندکارانی ھەرێم لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی ٤٠ ھەزار دینار و بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠ ھەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو بڕی ١٠٠ ھەزار دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە پارەیە لانی کەم کرێی ھاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن.