بۆ رۆژی چوارەم خوێندکاران لەبەردەم زانکۆی سلێمانیدان و بۆ ئەمڕۆ هەر خوێندکارێک و قەڵەمێکی بەرزکردووەتەوە و لە رێگای بەرزکردنەوەی قەڵەمەکانیانەوە دەیانەوێت داواکارییەکانیان بگەیەنن.
لە هەڵەبجەش خوێندکاران لەبەردەم زانکۆی هەڵەبجەدا دەستیان بە خۆپیشاندان کردووەتەوە و بەشێکی مامۆستایانیش پشتگیریان دەکەن.
خوێندکارانی زانکۆ و
پەیمانگاکان باس لەوەدەکەن، کە ئەوان سوورن لەسەر داواکارییەکانیان و راگەیاندنی
پشوو مانای ئەوە نییە خۆپیشاندان نەکەن.
ماوەى چوار رۆژە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ
داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و دوێنێ بۆ بڵاوەپێکردنى
خوێندکاران هێزە ئەمنییەکان دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا و بەو هۆیەوە
چەند خوێندکارێک بریندار بوون.
دوێنێش، هێزە ئەمنییەکان نەک تەنها گازی فرمێسک رێژ، بەڵکو
تەقەیان بەسەر خوێندکارانیشدا کرد لە سلێمانی و لە دهۆکیش بە زەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران
کرا.
هەر دوێنێش، لە هەریەکە لە زانکۆکانی، سلێمانی، پۆلیتەکنیکی
سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین دەوامی خوێندکاران بۆ ماوەی دوو رۆژ راگیرا و بەشە
ناوخۆییەکان داخران.
لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەرماڵەی خوێندکارانی هەرێم لە زانکۆ و
پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی ٤٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی
بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو
بڕی ١٠٠ هەزار دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە
پارەیە لانی کەم کرێی هاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن.
هـ.ئـ