بڕیاره ئهمڕۆ ئهنجومهنى وهزیرانى ههرێم كۆببێتەوە و تیایدا باس لە دهرماڵهى خوێندكاران و خۆپیشاندانی خوێندکاران بکات.
هێرش قادر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و تیایدا باس لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دوواییانەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم دەکەن و باس لە پرسی دەرماڵەکانیان دەکەن.
ماوەى چوار رۆژە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ
داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و دوێنێ بۆ بڵاوەپێکردنى
خوێندکاران هێزە ئەمنییەکان دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا و بەو هۆیەوە
چەند خوێندکارێک بریندار بوون.
لەلایەن خۆیانەوە، هێزە ئەمنییەکان نەک تەنها گازی فرمێسک رێژ، بەڵکو
تەقەیان بەسەر خوێندکارانیشدا کرد لە سلێمانی و لە دهۆکیش بە زەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران
کرا.
لە هەریەکە لە زانکۆکانی، سلێمانی، پۆلیتەکنیکی
سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین دەوامی خوێندکاران بۆ ماوەی دوو رۆژ راگیرا و بەشە
ناوخۆییەکان داخران.
لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە
دەرماڵەی خوێندکارانی هەرێم لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ
خوێندکارانی ناوشار بڕی ٤٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠
هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو بڕی ١٠٠ هەزار
دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە پارەیە لانی
کەم کرێی هاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن.
هـ.ئـ