سەردێڕ:

عێراق: وڵاتێکی دراوسێ بە تەواوەتی سەرچاوە ئاوییەکانی گرتەوە

AM:08:46:24/11/2021

4520 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، ئێران بەتەواوەتی سەرچاوە ئاوییەکانی گرتووەتەوە و ئاستی بەردانەوەی ئاو لەو وڵاتەوە بۆ عێراق گەیشتووەتە سفر.


مەھدی رەشید حەمدانی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند، ئێران بەتەواوەتی سەرچاوە ئاوییەکانی لە عێراق گرتووەتەوە و ئاستی بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق لەو وڵاتەوە گەیشتووەتە سفر.
ئاماژەی بەوەشدا، تورکیا تەواوی زانیارییەکانی لەبارەی بەنداوەکانییەوە رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی کردووە.
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ئێران تەواوی ئاوەکانی گرتووەتەوە و ئامادەنەبوو زیانەکان لەگەڵ عێراق بەش بکات.
باسی لەوەشکرد، لەناو پارێزگاکاند بە پلەی یەکەم پارێزگای واست زەرەرمەندە. 
ھاوکات، لەبارەی پابەندبوونی ھەریەک لە ئێران و تورکیا بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتنەکانی نێوان ھەر سێ وڵات لەبارەی بەردانەوەی رێژەی ئاو، مەھدی رەشید حەمدانی ئاشکرای کرد، ئێران و تورکیا سەرجەم رێککەوتنامە و پەیماننامەکانیان پێشێل کردووە و پێیەوەپابەند نەبوون.
ئەمە لەکاتێدایە، سەرەڕای وشکەساڵی و کەمبارانی و دابەزینی ئاستی ئاوی سەرزەوی، ھەریەک لە ئێران و تورکیا بەردەوامن لە دروستکردنی بەنداوەکان و پرۆژەکانیان لەسەر ئەو سەرچاوە ئاوییانەی دێنە ناو خاکی عێراقەوە، بەمەش کێشەکانی ئاو و دابەشکردنی لە نێوان ئەو سێ وڵاتەدا چووەتەقۆناغێکی نوێوە و بەرەو ئاڵۆزتربوون ھەنگاوی ناوە. بەمەش پێشبیندەکرێت لە چەند ساڵی داھاتوودا کێشەی ئاو ببێتە یەکێک لە کێشە سەرکییەکانی نێوان عێراق و ئێران و تورکیا.












گەلەری