سەردێڕ:

لیژنەی ئەمنی سلێمانی: رێنمایی هێزە ئەمنییەکان کراوە بە رێزەوە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بکەن

PM:08:22:23/11/2021

2756 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی رایگەیاند، داواکاری خوێندکاران گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی هەڕەمی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم، دەشڵێت، "هێزە ئەمنییەکان رێنمایی پێویست کراون بەوپەڕی رێزەوە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەرە راستەقینەکاندا بکەن."


لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "خۆپیشاندان بەشێوەیەکی ئارام و دیموکراسییانە شێوەیەکی جوانی بابەتی دیموکراسییە، رێز لە داواکانی خوێندکاران دەگرین، پەیامەکەیان گەشتووەتە بەرزترین ئاستی هەڕەمی دەسەڵاتی فەرمی حکومەتی هەرێم."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێزە ئەمنییەکان رێنمایی پێویست کراون بەوپەڕی رێزەوە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەرە راستەقینەکاندا بکەن، بەڵام مامەڵەیەکی تر لەگەڵ کەسانی خزێنراو بۆ مەرامە گوماناوییەکان و ئەجێندا جیاجیاکان بکەن."

باسی لەوەشکردووە، "تێکدانی ئارامی و جوڵەی ژیانی خەڵک بەهیچ جۆرێک رێگەپێدراو نییە و هێڵی سورە، سەرپێچی کاران روبەڕوی توندرترین سزای یاسایی دەبنەوە"، دەشڵێت، "ئێمە هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ سەرجەم برینداران دەخوازین."

لە پێشتریشدا، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بەتوندی ئیدانەی هەر توندوتیژییەک دەکەن و بە فەرمی فەرمان بە کەس نەکراوە بۆ بەکارهێنانی توندوتیژیی.

ماوەى سێ رۆژە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و دوێنێ بۆ بڵاوەپێکردنى خوێندکاران هێزە ئەمنییەکان دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا و بەو هۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون.

ئەمڕۆش، هێزە ئەمنییەکان نەک تەنها گازی فرمێسک رێژ، بەڵکو تەقەیان بەسەر خوێندکارانیشدا کرد لە سلێمانی و لە دهۆکیش بە زەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا.

هەر ئەمڕۆش، لە هەریەکە لە زانکۆکانی، سلێمانی، پۆلیتەکنیکی سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین دەوامی خوێندکاران بۆ ماوەی دوو رۆژ راگیرا و بەشە ناوخۆییەکان داخران.













گەلەری