سەردێڕ:

بۆ پشتگیری خوێندکارانی هەرێم؛ بەغداش خۆپیشاندان دەکەن

PM:05:17:23/11/2021

33864 جار خوێندراوەتەوە

بۆ پشتیوانی خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم، ئێوارەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا خۆپیشاندان بە ڕێوە دەچێت.


ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ پشتگیری لە خۆپیشاندانی خوێندکارانی هەرێم، بەشێکی خوێندکاران و چالاکوانانی بەغدا لە گۆڕەپانی تەحریردا خۆپیساندانیان ئەنجامدا و پشتگیری خۆیان بۆ ئەو خوێندکارانە دەربڕی.

لەو بارەیەوە پارتی ماڵی نیشتیمانی لە راگەیاندراوێکدا داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد، "دوور بن لە بەکارهێنانی هێز بۆ ڕێگەنەدان بە کەوتنەوەی ئەو کارەساتانەی کە لە سەروبەندی ( شۆڕشی تشرین) و لە ئەنجامی بەکارهێنانی توندوتیژییدا کەوتنەوە و لە ئەنجامدا سەدان کەس شەهید و بە هەزارانیش برینداربوون."

لە راگەیاندراوەکەیاندا ئەوەش هاتووە، "پارتی ماڵی نیشتیمانی بەرپرسیاریێتی سنوردارکردنی قورس و بەزەبری ئازادییەکان لە هەرێمی کوردستان دەخاتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم و لە هەمان کاتیشدا، بەبیری حکومەتی دەهێنێتەوە رۆڵی سەرەکی بریتییە لە پاراستنی گیان و ئاسایشی هاوڵاتیان و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان."

ماوەى سێ رۆژە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و دوێنێ بۆ بڵاوەپێکردنى خوێندکاران هێزە ئەمنییەکان دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا و بەو هۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون.

ئەمڕۆش هێزە ئەمنییەکان نەک تەنها گازی فرمێسک رێژ، بەڵکو تەقەیان بەسەر خوێندکارانیشدا کرد لە سلێمانی و لە دهۆکیش بە زەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا.

هەر ئەمڕۆش، لە هەریەکە لە زانکۆکانی، سلێمانی، زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، زانکۆی هەڵەبجە و زانکۆی راپەڕین دەوامی خوێندکاران و فەرمانبەران بۆ ماوەی دوو رۆژ راگیرا و بەشە ناوخۆییەکان داخران.

هـ.ئـ


 













گەلەری