کۆمەڵی دادگەریی رایگەیاند، پشتیوانی داوای خوێندکاران دەکەن کە داوای گەڕانەوەی شکۆ بۆ زانکۆ و خەرجکردنی دەرماڵە دەکەن، دەشڵێت، "ئەمە داوایەکی بچوکە لەچاو ئەو هەموو گەندەڵییەی کە لە کۆمەڵێک بواردا هەیە."
محەمەد حەکیم وتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایگەیاند، "کۆمەڵی دادگەریی پشتیوانی داوای رەوای قوتابیان و خوێندکاران دەکات، کە داوای گێڕانەوەی شکۆ بۆ زانکۆ و خەرجکردنی دەرماڵە و دابینکردنی خزمەتگوزایی بۆ بەشە ناوخۆییەکانیان دەکەن."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "داواکارییەکانیان
مافی رەوای خۆیانه و ئەرکی حکومەتە کە جێبەجێی بکات، لەچاو ئەو ھەموو گەندەڵی و نادادی و بەھەدەردانی ماڵی گشتی لە
کۆمەڵێک بواری پوچدا، کە زۆرێکی لە زەرەری گشتی و سوودی کەسیدا خۆی دەبینێتەوە،
داوایەکی بچووک و سادەیە."
محەمەد حەکیم راشیگەیاندووە، "ئەگەر ئەم
دەسەڵاتەش نیگەرانە لە کۆچی بەلێشاوی گەنج و لاوی کوردستان، کە بووەتە لەکەیەک بەسەر
حکومەتەوە لە وڵاتانی ئەورپا و دەرەوە، ئەوا با بەزوویی بەدەم داواکاریی رەوای
قوتابیان و خوێندکارانەوە بچێت."
باسی لەوەشکردووە، "ئێمە بە ھەموو شێوەیەک
توندوتیژی بەرامبەر بە قوتابیان و خوێندکاران ئیدانه دهكهین و بەلاڕێدابردنی
خۆپێشاندانەکان خزمەت بە داوا رەوای قوتابیان ناکات."
ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی سێ رۆژە خۆپیشاندانی
خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکان بەردەوامە، بەڵام لە
سلێمانی لە میانی خۆپیشاندانەکاندا گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو و چەند خوێندکارێک برینداربوون
و گازی فرمێسکڕێژ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ بڵاوپێکردنی خوێندکاران بەکارھات.
لەوبارەیەوە، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارى
فراکسیۆنە جیاوازەکانى پەرلەمانى کوردستان یاداشتێکیان ئاراستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان
کرد و داواى دانیشتنێکى تایبەت دەکەن بە گەڕانەوەى دەرماڵەى خوێندکاران.
لای خۆشییەوە، رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی
کوردستان رایگەیاند، "داواکاری خوێندکاران رەوایە و داوا لە وەزیرانی دارایی
و خوێندنی باڵا دەکەین بێنە پەرلەمان."