سەردێڕ:

ئەو رێگایانەی بەھۆی خۆپیشاندانەوە داخراون کامانەن؟

PM:03:25:23/11/2021

10556 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی سێ رۆژە خۆپیشاندانی خوێندکارانی هەرێم بۆ داواکردنی دەرماڵەی خوێندن دەستیپێکردووە و بەشێوەیەکی فراوان سەرجەم شارەکانی گرتووەتەوە، کە تیایدا خوێندکاران رێگای نێوان بەشێکی شارەکانی هەرێمیان داخستووە و رێگا بە هاتوچۆکردن نادەن.


لە چوارچێوە بەردەوامی خۆپیشاندانەکاندا ئەمڕۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی سلێمانی شاڕێی سالمیان داخستووە. جگە لەوەی کاتێک نزیک مەڵبەندی یەکێتی نیشتیمانی بوونەوە، لەلایەن هیزە ئەمنییەکانەوە گازی فرمێسک رێژیان بەرامبەر بەکارهێندرا و تەقەیان بەسەردا کرا بەزۆر بڵاوەیان پێکرا، بەڵام خۆپیشاندەران لە ئێستادا دووبارە گردبوونەتەوە و بەردەوامن لە خۆپیشاندان.

خوێندکارانی زانکۆی کۆیەش، سەرەڕای ئەوەی لە بڵندگۆی بەشەناوخۆییەکانیانەوە هەڕەشەیان لێدەکرا خۆپیشاندان ئەنجامنەدەن، بەڵام ئەمڕۆش هاتوونەتە سەرشەقام و رێگای سەرەکی کۆیە-دوکانیان داخستووە.

لە هەڵەبجەش خوێندکاران لە بەردەم زانکۆکەیاندا خۆپیشاندان دەکەن و دەرگای زنکۆکەیان داخستووە و رێگانادەن مامۆستایانی زانکۆ و فەرمانبەرانیش بچنە زانکۆکەوە و بەشێکی مامۆستایانیش پاڵپشتی خوێندکارانن.

جگە لەوەش، خوێندکارانی زانکۆی چەرمو، ئەمڕۆ رێگای سەرەکی سلێمانی-کەرکوکیان داخستبوو.

خوێندکارانیش لە دوکان، رێگای سەرەکی هەولێر و ئیدارەی راپەڕین و سلێمانیان داخستبوو.

جگە لەوانەش، خوێندکاران رێگای پێنجوێن و کەلاریان داخستبوو.

لە رانیە و قەڵادزێش خوێندکاران گردببوونەوە و رێگای سەرەکی هاتوچۆی قەڵادزێ و رانیە، لەگەڵ رانیە- چوارقوڕنەیان گرتبوو.

لە دهۆکیش خوێندکارانی زانکۆ هاتنە سەرشەقام و دەستیان بە گردتبوونەوە کرد، بەڵام رێگری لە تیمی ئێن ئاڕ تی کرا لە پەخشکردن بەردەوام بێت و بە زەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا.

لە هەولێریش خوێندکارانی زانکۆی سەڵاحەدین لە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا گردبوونەتەوە و بەردەوامن لەسەر داواکردنی مافەکانیان.

بەمانەش ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ هاوڵاتیان دروستبووە و ئیش و کاری بەشێکی هاوڵاتیان پەکی کەوتووە.

ماوەى سێ رۆژە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و دوێنێ بۆ بڵاوەپێکردنى خوێندکاران هێزە ئەمنییەکان دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا و بەو هۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون. ئەمڕۆش سەرەڕای گازی فرمێسک رێژ، تەقە بەسەر خۆپیشاندەراندا کرا.

هـ.ئـ













گەلەری