سەردێڕ:

تاڵیبان موچەی سێ مانگی رابردوو بەسەر یەکەوە دابەش دەکات

PM:10:16:22/11/2021

13388 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، "وەزارەتی دارایی دەستدەکات بە دابەشکردنی موچەی سێ مانگی رابردووی تەواوی فەرمانبەرانی حکومەت و تەواوی موچەی ئەو ماوەیە بەسەریەکەوە دابەش دەکەین."


لە راگەیەندراوێکیدا، زەبیحوڵڵا موجاهید وتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تویتەر باسی لەوەکردووە، کە وەزارەتی دارایی دەوڵەتی ئیسلامی ئەفغانستان کە لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبانەوە بەڕێوەدەبرێت، دەستدەکات بە دابەشکردنی موچەی سێ مانگی رابردووی تەواوی فەرمانبەرانی حکومەتەکە.

لای خۆشییەوە، ئەحمەد والی هەققانی وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی ئەفغانستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "دەستدەکەین بەدابەشکردنی تەواوی موچەی سێ مانگی رابردووی هەموو فەرمانبەرانی حکومەت و کۆی موچەی فەرمانبەران دابەشدەکەین."

وتەبێژی وەزارەتی دارایی ئەفغانستان ئەوەشی ئاشکراکرد، دەستدەکەین بە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران کە لەرۆژی ٢٣ی ئابی ئەمساڵەوە موچەیان وەرنەگرتووە، دەشڵێت، "هەر موچەیەکی فەرمانبەرانیش کە پێش ئەو بەروارە و پێش گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە دابەشنەکرابێت، ئەوا دابەشی دەکەین."

لەبارەی چۆنییەتی وەگرتنی موچەکانی فەرمانبەرانیشەوە، ئەحمەد والی حەققانی ئەوەشی خستەڕوو، پێدانی موچەی فەرمانبەران کەرێگای سیستەمی بانکیی ئەفغانستانەوە دەبێت.

رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردووش، دوای کۆبوونەوەی بەرپرسانی نیوزلەندا و ئەڵمانیا و تاڵیبان لە کابوولی پایتەخت، نوێنەری نیوزلەندا و ئەڵمانیا ئامادەییان دەربڕی بۆ دابەشکردنی کارمەندانی سێکەتەرەکانی تەندرووستی و پەروەردە لەرێگای رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە، تا ئێستاش روون نییە کە بڕیارەی تاڵیبان بۆ دابەشکردنی سێ موچەی تەواوی فەرمانبەران پەیوەندی بەو هاوکارییەوە نێودەوڵەتییەوە هەیە یان نا.

لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی ئەفغانستانیشدا هاتووە، "لەماوەی ٧٨ رۆژی رابردووی کارکردنی سێ مانگی رابردوودا، توانیومانە نزیکەی ٢٨٨ ملیۆن دۆلار داهات بەدەستبخەین"، ئەوەشی وتووە، "دابەشکردنی پارەی خانەنشینان بەزووترین کات دەستپێدەکات."

ئەمەش دوای ئەوەدێت، رۆژی ١٥ی ئابی ئەمساڵ، بزووتنەوەی تاڵیبان پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زۆربەی ویلایەتە گەورەکانی ئەفغانستان، چوونە شاری کابوولی پایتەختەوە و حکومڕانی ئەفغانستانیان گرتەدەست و کۆتاییان بە حکومەتی ئەشرەف غەنی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە هێنا، هاوکات لەرۆژی ٣١ی هەمان مانگیشدا، هێزەکانی سەربازییەکانی ئەمریکا پاش زیاتر لە ٢٠ ساڵ لە ئەفغانستان کشانەوە.

نەورەس غەریب













گەلەری