سەردێڕ:

ئاستی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە ئەفغانستان لە گەشەسەندندایە

PM:09:33:22/11/2021

4000 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی ۆوڵد ستریت جۆرناڵی ئەمریکی راپۆرتێکی لەسەر دۆخی بازرگانیکردن و چاندنی ماددەی هۆشبەر لە ئەفغانستان لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی تاڵیباندا بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، دەیان کەس بەهۆی دۆخی خراپی ئابووری و نەبوونی دەرامەتی گوزەران، داخستنی سنوورەکان بەرووی وڵاتەکەدا، دەستییانکردووە بە کاری بازرگانیکردن و بەرهەمهێنانی ماددەی ئۆپیوم و جۆرەکانی دیکەی ماددی هۆشبەر.


لە راپۆرتەکەیدا رۆژنامەی ۆوڵد ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ئەوەشی خستوەتەڕوو، لە ئێستادا بەشێک خەڵکی بەگشتی و جوتیاران بەتایبەتی سەرقاڵی چاندنی رووەکی "حەشیش"ن کە سەرچاوەی سەرەکی هەردوو ماددەی هیرۆین و مۆرفینە.

جوتیاران ئاماژەیان بەوەکردووە، "ئێمە دەستمانکردووە بە چاندن و روواندنی رووەکی حەشیش (ئەو رووەکەی کە سەرچاوەی سەرەکی بەرهەمهێنانی ئۆپیومە) لەسەر ئەو زەویانەی کە گەنم و جۆرەکانی دیکەی دانەوێڵەمان دەچاند و لە ئێستادا نایانڕوێنین".

ئەو جوتیارانە ئەوەشیان بە رۆژنامە ئەمریکییەکە وتووە، "وشکەساڵی، ئابوڵقەی ئابووری، داخستنی سنوورەکان و خراپی دۆخی ئابووری ئەفغانستان، هۆکاری سەرەکین بۆ دەستکردنمان بە چاندنی ئەو رووەکەی کە ماددەی هۆشبەری لێ بەرهەمدەهێنرێت".

ساڵح محەمەد جوتیارێکی ئەفغانییە و کێڵگەی بەرهەمهێنانی رووەکی حەشیشی هەیە، تەمەنی ٥٥ ساڵانە و باوکی حەوت منداڵە، لەسەر وردەکاری دۆخی جوتیاران و پاڵنەرەکانی پشت هەنگاونان بۆ چاندنی ماددەی هۆشبەر بۆ رۆژنامە ئەمریکییەکە ئەوەی وتووە، "هەموو کەس لێرە هەژارە، ئەگەر بێتو رووەکی حەشیش نەچێنین و ماددەی هۆشبەر بەرهەمنەهێنین، ئەو هەژارتر دەبین، چونکە بەرهەمەکانی دیکەمان هیچ بازاڕێکی دیکەیان نییە".

بازرگانەکانی ماددەی هۆشبەر ئاماژەیان بەوەکردووە، "بزووتنەوەی تاڵیبان دەستێوەردان لە کاروباری بازرگانی ئەوان تایبەت بە ماددەی هۆشبەردا ناکات".

لەکاتێکدا، قاری سەعید خۆستی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتەکەی تاڵیبان رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئەوەی راگەیاند، "ئامانجی حکومەتی تاڵیبان بریتییە لە قەدەغەکردنی گەشەسەندن و بازرگانیکردنی ماددەی هۆشبەر".

بەگوێرەی خەمڵاندنێکی نوسینگەی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانکاری سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، تەنها لە ساڵی رابردوودا رووبەری زەوی چێندراو بە کێڵگەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر لە ئەفغانستان بە رێژەی ٣٧٪ زیادی کردووە کە دەکاتە ٥٥٤ هەزار هێکتار زەوی.

تەنها چەند رۆژێک دوای گرتنە دەستی دەسەڵات لە ئەفغانستان، بزووتنەوەی تاڵیبان بەڵێنیدا بە "بنەبڕکردنی پیشەسازی ماددەی هۆشبەری چەند ملیار دۆلاری ئەفغانستان، لەکاتێکدا تەنها ئەفغانستان سەرچاوەی بەرهەمهێنانی ٨٥٪ی ماددەی هۆشبەری جیهانییە بە هەموو جۆرەکانییەوە.

لە ئێستادا، ئەفغانستان بە خراپترین و سەختترین دۆخی ئابووریی خۆیدا گوزەر دەکات دوای ئەوەی تاڵیبان حوکمی ئەو وڵاتەی گرتەدەست، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش نزیکەی نۆ ملیار دۆلار لە سەرچاوەی دارایی و پارەی نەختینەیی بانکی ناوەندی ئەو وڵاتەی بلۆککردووە و ئابڵوقەی توندی ئابووری بەسەر سیستەمی بانکی ئەو وڵاتەدا سەپاندووە.

بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر

هەرچەندە بەکارهێنانی هێز و رێکاریی حکومی نەیتوانیوە کە چاندنی درەختی ئەفیون رابگرێت لە ئەفغانستان، بەڵام چەند هۆکارێکی دیکە هەیە کە وادەکات جوتیارەکان پێش ئەوەی بڕیار بدەن زەوییەکانیان بەم درەختە نامۆیە بچێنن، لەبەرچاویان بگرن.

چەند هۆکارێکی سەرەکی هەن، لەوانەش رێژەی بارانبارینی ساڵانە، نرخی گەنم، کە وادەکات چاندنی درەختە جیاوازەکانی تایبەت بە ماددەی هۆشبەر وەک شوێنگرەوەیەک لەقەڵەم بدەن.

هەروەها، نرخی ئەفیون و هیرۆین لەبۆڕسەی جیهانیدا، بەهەمان شێوە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر جوتیاران هەیە بۆ چاندنی زەوییەکانیان بەماددەی هۆشبەر.

لەرووی سود و قازانجیشەوە، چاندن و بازرگانیکردنی ئەم جۆرە درەختانە، سوود و زیان و مەترسیی خۆی هەیە، جوتیارانی ئەفغانیش لەکاتی چاندنی زەوییەکانیاندا لەبەرچاویان دەگرن. لەگەڵ ئەمانەشدا، هێشتا بەرهەمهێنان و چاندنی درەختی ئەفیون و ماددە هۆشەبەرەکان لەگەشەسەندندایە.

لەماوەی ساڵانی رابردووشدا، رێژەی بەرهەمهێنانی ماددەی ئەفیون بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و بەگوێرەی ئامارێکی نەتەوەیەکگرتووەکانیش، لەساڵی رابردوودا بەرێژەی ٣٧% زیادی کردووە.

بزووتنەوەی تاڵیبان و ماددەی هۆشبەر

نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر ئامارێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، تەنها لەساڵی ٢٠١٧شدا لەئەفغانستان بڕی نۆ هەزار و ٩٠٠ تۆن لەماددەی ئەفیون بە بەهای یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار فرۆشتووە.

لەلایەکی تریشەوە، تەنها لەساڵانی نێوان ٢٠١٨ و ٢٠١٩دا، بزووتنەوەی تاڵیبان زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری لەفرۆشتنی ماددەی هۆشبەر دەستکەوتووە.

راپۆرتی پشکنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ئەوەی خستوەتەڕوو، بزووتنەوەی تاڵیبان تا ٦٠٪ی داهاتی ساڵانەی لە رێگەی بازرگانی ماددەی هۆشبەرەوە بەدەست دەهێنێت.

تەنانەت، لەتوێژینەوەیەکی مەیدانی "دەیڤد مانسفیڵد" توێژەری پێشەنگی بازرگانی دەرمانی نایاسایی لە ئەفغانستاندا هاتووە، هەندێک لەو بارهەڵگرانەی کە ماددەی هۆشبەر دەگوازنەوە، بەسنووری نێوان ئێران و ئەفغانستاندا تێپەڕدەبن و رێکاری تایبەت لەگواستنەوەیدا دەگرنەبەر.

ئەو توێژەرە بەپەشتبەستن بە توێژینەوە مەیدانییەکەی دەڵێت، زۆرترین داهاتی تاڵیبان لە بازرگانی نارێکرخراوەیی ماددەی هۆشبەردا، نزیکەی ٤٠ ملیۆن دۆلارە لە ساڵێکدا، ئەمەش زیاتر لە رێگای کرێی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر و تاقیگەی هێرۆیین و گواستنەوەی دەرمانەوە بەدەستیدەهێنێت.

بزووتنەوەی تاڵیبان

لە مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٩٤ لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ٥٣ خوێندکاری خوێندنگەیەکی ئایینی یەکەم شانەى بزوتنەوەی تاڵیبان لەسەر دەستی مەلا محەمەد عومەر بەڕێوەبەری خوێندنگەکە لە ویلایەتی قەندەهار لە سنوری وڵاتی پاکستان پێکهێنرا.

مەلامحەمەد عومەر موجاهید ساڵی ١٩٥٩ لە ویلایەتی قەندەهار لە دایک بووە و لە ساڵی ٢٠١٣ لە بۆردومانی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە پاکستان گیانی لەدەستدا. لە ساڵى ١٩٩٤ بە شێک لە خوێندکارەکانی قوتابخانە ئایینیەکەی بەمەبەستی کوتاییهێنان بە گەندەڵى و بەرگرتن لە بەلادانی ئەخلاقی "بە دیدی ئەوان"، بەیعەتییان پێدا و بە ئەمیری خۆیان هەڵیان بژارد و قبوڵییان کرد.

رۆژی ١٥ی ئابی ئەمساڵ، چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان، پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ گەورە ویلایەتی ئەو وڵاتە، چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە و دوای چەند کاتژمێرێکیش، ئەشرەف غەنی سەرۆکی کۆماری ئەفغانستان، وڵاتی بەرەو تاجیکاستان بەجێهشت و لەپەیامێکیشیدا رایگەیاند، "بەهۆی ئەوەی نەیویستووە خوێن بڕژێت، ئامادە نەبووە رووبەڕووی بزووتنەوەی تاڵیبان ببێتەوە".

ئەفغانستان، دانیشتوانەکەی ٣٨ ملیۆن کەسە و نزیکەی ٤.٥ملیۆن کەس لەکابوڵی پایتەختدا دەژین کە دەکاتە ١٢٪ رێژەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئەفغانستانەوە. هاوکات، لە ٣٤ ویلایەت و ٤٢١ هەرێم پێکهاتووە.

رووبەری ئەفغانستان ٦٥٢ هەزار و ٨٦٠ کیلۆمتەری چوارگۆشەیە، کە ئەمەش هاوتایە بەرووبەڕی ویلایەتی تەکساسی ئەمریکا و دوو هێندەی رووبەڕی بەریتانیا.


نەورەس غەریب













گەلەری