دوای ئەوە ئەمڕۆ خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بەڕێوەچوو و دواتریش هێزە ئەمنییەکان بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکە گازی فرمێسکرێژیان بەرامبەر خوێندکاران بەکارهێنا و بەمەش گرژی درووستبوو، ئەنجومەنی دەرچوانی دانەمەزراو رایەگەیاند، "بڕیارماندا هاوشانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بە گڕ و تینەوە بەژداری خۆپیشاندانەکان بکەین".
لە راگەیەندراوێکدا، ئەنجومەنی دەرچوانی دانەمەزراو باسیی لەوەکردووە، لە پێناو مافی هەموان کە دابینکردنی دەرماڵەیە بۆ خوێندکاران و دامەزراندنی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان، وەک ئەنجومەنی دەرچوانی دانەمەزراو بڕیارماندا هاوشانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بە گڕوتینەوە بەشداری خۆپیشاندانەکان بکەین.
لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، ئەنجومەنی
دەرچوانی دانەمەزراو داوایەک دەکات و دەڵێت، ""داوا لە سەرجەم دەرچوانی
دانەمەزراو و وانەبێژان و خۆبەخشان و کارمەندانی کەرتی تایبەت دەکەین بەشداری کارایان
هەبێت و چیتر قبوڵی ئەو بێڕێزی و سوکایەتییە نەکەن کە بە پرۆسەی خوێندن
و بڕوانامە دەکرێت".
ئەمەش لەکاتێکدایە، کە دوێنێ خوێندکارانى
زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە و داوای
دەرماڵەکانیان کرد و ئەمڕۆش لە گردبوونەوە بەردەوام بوون بەڵام لەلایەن هێزە
ئەمنییەکانەوە بە دارى کارەبایى و گازى فرمێسک هەوڵى بڵاوەپێکردنیان درا و بەو
هۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون.
لە ماوەی رابردوودا، حکومەتی هەرێم بە پاساوی
خراپی دۆخی دارایی و وەستانی بودجەی هەرێم لە بەغدا و دابەزینی نرخی نەوت و
شەڕی داعش دەرماڵەی خوێندکارانی بڕی، بەڵام کە لە ئێستادا ئەو پاساوانە بوونیشی
نەماوە حکومەت دەستی بە دابەشکردنی دەرماڵە نەکردووەتەوە.
دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان
بڕە پارەیەک بوو کە لەلایەن حکومەتەوە بەسەر خوێندکاراندا دابەشدەکرا، کە بۆ
خوێندکارانی دەرەوەی شار کە هاتوچۆیان دەکرد ١٠٠ هەزار دینار، بۆ خوێندکارانی
دەرەوەی شار کە لە بەشەناوخۆی دەمانەوە ٦٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی
ناوشارەکان ٤٠ هەزار دینار بوو.