سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی راگەیەندراوێکی لەسەر خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی خوێندکارانی زانکۆ لە سلێمانی بڵاوکردەوە و تیایدا تایبەت بەخوێندکاران ئاماژەی بەوەکردووە، ئاو و پێداویستییان ناردووە بۆ بەشە ناوخۆییەکان و رێگا نادەن پێیان بگات، دەشڵێت، بەدەم خوێندکارانەوە بچن تا کار لە کار نەترازاوە.
شاسوار عەبدولواحید لە راگەیەندراوەکەیدا دوو پەیامی ئاڕاستەی خوێندکاران و دەسەڵات کردووە. لە پەیامەکەیدا بۆ دەسەڵات ئەوەی خستووەتەڕوو، "ئەوە ئاو و پێداویستیمان ناردووە بۆ بەشە ناوخۆییەکان و رێنادەن پێیان بگات، گەر ئێوە خزمەتی ئەم هەموو گەنج و خويندکار و قوتابییانە ناکەن، جێی بهێڵن و رێبدەن خەڵکی تر خزمەتیان بکەن، ئەوان داهاتووی ئەم میللەتەن."
لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بۆ دەسەڵات، سەرۆکی جوڵانەوەی
نەوەی نوێ باسی لەوەکردووە، "ئەوانە لە هەموو وڵاتێکی دونیادا وەک سامانی نەتەوەیی
و سامانی سروشتی سەیریان دەکرێت، وەڵامیان بدەنەوە و بەدەمیانەوە بچن تا کار لە
کار نەترازاوە و دۆخەکە لەمە زیاتر نەتەقیوەتەوە."
لەلایەکی تریشەوە، شاسوار عەبدولواحید پەیامێکی ئاڕاستەی
خوێندکاران کردووە و تیایدا هاتووە، "لە هەمو دونیادا ئێوە شۆرش و گۆڕانکاری
دەکەن، ئێمەش بە دڵ و بە گیان و بە میدیا و بە پەرلەمانتاران لە خزمەتانداین و لەگەڵتانین".
دەشڵێت، "کۆڵ مەدەن، ئەوانەشی پێویستیان بە دەرماڵە
نییە با لەگەڵ هاوڕێکانیاندا بن و پشتیوانی یەکتر بن، کۆڵ مەدەن تا دەگەنە ئامانجەکەتان".
ئەمەش دوای ئەوەدێت، ئەمڕۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان
لە پارێزگای سلێمانی بەمەبەستی داواکاردنی دەرماڵەی مانگانەیان لەبەردەم هەردوو کەمپی
کۆن و نوێی زانکۆی سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و دواتریش هێزە ئەمنییەکان لەرێگای
گازی فرمێسکرێژەوە هەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانیاندا.
پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت، ئەوانە چەقۆ و بۆکس خەنجەریان پێبووە
و خوێندکار نەبوون.