سەردێڕ:

سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

PM:06:27:22/11/2021

16468 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و باسی لەوەکردووە، پشتگیری خوێندکاران دەکەن و مافی خۆیانە داوای دەرماڵە بکەن، دەشڵێت، "ئیدانەی هەر پێشێلکارییەک و توندوتیژییەک دەکەینەوە کە لەدەرەوەی یاسا و رێنماییەکان ئەنجامدرابێت، هەربۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی بەدواداچون لەسەر ئاستی زانکۆ دروست دەکەین بۆ دەرخستنی راستییەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی."


سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە هاتووە، "ئەو دەرماڵەیە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لە ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی قەیرانی دارایی وەستێندراوە."

ئاماژە بەوەشکراوە، "وەک سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی ئەم داواکارییەی خوێندکاران بەڕەوا دەبینین و پشتگیری تەواوی دابینکردنی دەرماڵەی مانگانەی خوێندکارانی زانکۆ دەکەین و ئاگادارین کە چینی خوێندکارانی زانکۆ لەم قۆناغەدا بە چ بارودۆخێکی دارایی ناهەمواردا تێدەپەڕن."

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "پێشتر چەندین جار ئەم داواکارییەی خوێندکاران لەلایەن ئەنجومەنی زانکۆ و وەزارەتی خوێندنی باڵا گفتوگۆی لەسەر کراوە و پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، جەخت دەکەینەوە لەسەر داواکارییان بەدابینکردنی دەرماڵەی زانکۆیی بۆیان."

باس لەوەشدەکەن، "لەئەنجامی خۆپیشاندانەکانی دوێنێ و ئەمڕۆدا، بەریەککەوتنێکی نەخوازراو لەنێوان خوێندکارانی زانکۆ و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکاندا روویداوە، وەک سەرۆکایەتی زانکۆ و ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی جەختدەکەینەوە لەسەر پاراستنی حەرەمی زانکۆ و ئیدانەی هەر پێشێلکارییەک و توندوتیژییەک دەکەینەوە کە لەدەرەوەی یاسا و رێنماییەکان ئەنجامدرابێت، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی بەدواداچوون لەسەر ئاستی زانکۆ دروست دەکەین بۆ دەرخستنی راستییەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی."

داواش لە خوێندکاران دەکەن، "بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانیان و بەردەوامی رەوتی خوێندن پابەندبن بە خوێندنی وانەکانیان، داواکارییەکانیان بەشێوازێکی شارستانی پێشکەش بکەن بەجۆرێک کە لە ئاستی پێگەی خوێندکاری زانکۆدا بێت."

ئەمەش لەکاتێکدایە، کە دوێنێ خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە و داوای دەرماڵەکانیان کرد و ئەمڕۆش لە گردبوونەوە بەردەوام بوون بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە دارى کارەبایى و گازى فرمێسک هەوڵى بڵاوەپێکردنیان درا و بەو هۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون.

لە ماوەی رابردوودا، حکومەتی هەرێم بە پاساوی‌ خراپی‌ دۆخی‌ دارایی‌ و وەستانی‌ بودجەی‌ هەرێم لە بەغدا و دابەزینی‌ نرخی‌ نەوت و شەڕی‌ داعش دەرماڵەی خوێندکارانی بڕی، بەڵام کە لە ئێستادا ئەو پاساوانە بوونیشی نەماوە حکومەت دەستی بە دابەشکردنی دەرماڵە نەکردووەتەوە.

دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بڕە پارەیەک بوو کە لەلایەن حکومەتەوە بەسەر خوێندکاراندا دابەشدەکرا، کە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە هاتوچۆیان دەکرد ١٠٠ هەزار دینار، بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە لە بەشەناوخۆی دەمانەوە ٦٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی ناوشارەکان ٤٠ هەزار دینار بوو.













گەلەری