سەردێڕ:

زانکۆیەک داوای گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندکاران دەکات

PM:03:58:22/11/2021

5936 جار خوێندراوەتەوە

زانکۆی پۆڵیتەکنیکی سلێمانی داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکات کە نوسراوی فەرمی بۆ وەزارەتی دارایی بکات بۆ وەرگرتنی مافە داراییەکانی خوێندکاران.


ئالان فەرەیدون سەرۆکی زانکۆی پۆڵیتەکنیکی سلێمانی لە نوسراوێکدا داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکات کە دەرماڵەی خوێندکاران بگەڕێنرێتەوە و دەڵێت، "بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی خوێندکاران لە ئێستادا وەرگرتنی ئەو مافەی خوێندکاران پاڵپشتییەکی گرنگە بۆیان."

لە نوسراوەکەدا هاتووە، "لەبەر بەرژەوەندی گشتی خوێندکاران و پرۆسەی خوێندن و زیاتر خزمەتکردن و هاوکاریکردنی خوێندکاران داواکارین وەزارەتی خوێندنی باڵا نوسراوە بۆ وەزارەتی دارایی بکات بۆ وەرگرتنی مافە داراییەکانی خوێندکاران."

ئەمەش لەکاتێکدایە، کە دوێنێ خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە و داوای دەرماڵەکانیان کرد و ئەمڕۆش لە گردبوونەوە بەردەوام بوون بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە دارى کارەبایى و گازى فرمێسک هەوڵى بڵاوەپێکردنیان درا و بەو هۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون.

لە ماوەی رابردوودا، حکومەتی هەرێم بە پاساوی‌ خراپی‌ دۆخی‌ دارایی‌ و وەستانی‌ بودجەی‌ هەرێم لە بەغدا و دابەزینی‌ نرخی‌ نەوت و شەڕی‌ داعش دەرماڵەی خوێندکارانی بڕی، بەڵام کە لە ئێستادا ئەو پاساوانە بوونیشی نەماوە حکومەت دەستی بە دابەشکردنی دەرماڵە نەکردووەتەوە.

دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بڕە پارەیەک بوو کە لەلایەن حکومەتەوە بەسەر خوێندکاراندا دابەشدەکرا، کە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە هاتوچۆیان دەکرد ١٠٠ هەزار دینار، بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە لە بەشەناوخۆی دەمانەوە ٦٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی ناوشارەکان ٤٠ هەزار دینار بوو.













گەلەری