پارێزگارى سلێمانى پەیامێکى لەبارەى توندوتیژییەکانى هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر بە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بڵاوکردەوە کە داواى پێدانى دەرماڵەیان دەکرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى پەیامێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کرد "ئێمە وەک پارێزگای سلێمانی؛ پشتیوانیی لە داوا ڕەواکانتان دەکەین و دژی هەر توندوتیژیی و بەریەککەوتنێکین لە هەر لایەکەوە بێت".
لەبەشێکى ترى
پەیامەکەدا هاتووە "پەیام و داواکارییەکانی ئێوەمان گەیاندۆتە وەزیری خوێندنی
باڵاو توێژینەوەی زانستیی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەخوازین بەزوترین کات
وەڵامی داوا ڕەواکانتان بدرێتەوە".
دەشڵێت "پاراستنی
ئارامیی و سەقامگیریی ئەرکی هەموومانەو پارێزەری هەر چالاکیی و ڕێگایەکی مەدەنیانە
دەبین کە بە ئاشتیانە گوزارشت لە داخوازییەکان بکات".
پەیامەکە لەکاتێکدایە
کە ئەمڕۆ خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە
و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە دارى کارەبایى و گازى فرمێسک هەوڵى بڵاوەپێکردنیان درا و بەو هۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون.