سەردێڕ:

لە سەرۆکی بیلاڕوسیاوە بۆ کۆچبەران؛ چاوەڕێی وەڵامین

PM:03:24:22/11/2021

15252 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی بیلاڕوسیا رایگەیاند، چاوەڕێی وەڵام دەکەن تاوەکو ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا دوو هەزار کۆچبەری سەر سنوورەکان وەربگرێت.


بەگوێرەی دەزگای هەواڵی بێلتای بیلاڕوسیا، ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکی بیلاڕوسیا رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەیان چاوەڕوانی وەڵامی یەکێتی ئەوروپایە لەسەر وەرگرتنی دوو هەزار کۆچبەری سەر سنوورەکانی بیلاڕوسیا و پۆڵەندا.

لوکاشینکۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، بیلاڕوسیا داوا لە ئەڵمانیا دەکات کۆچبەرەکان وەربگرێت، دەشڵێت، "یەکێتی ئەوروپا قسە لەگەڵ بیلاڕوسیادا ناکات لەسەر ئەو بابەتە."

باسی لەوەشکردووە، "نەمویستووە گرژییەکان زیاتر ببێت، بەڵکو دەمانەوێت پۆڵەندییەکان تێبگەن و پیشانیان بدەین کە ئێمە دڕندەنین و روبەڕوبوونەوەمان ناوێت، چونکە لەوە تێدەگەین ئەگەر زۆر بڕۆین ئەوا ناتوانین خۆمان لە جەنگ بەدووربگرین."

یەکێتی ئەوروپا بیلاڕوسیای تۆمەتبارکردووە بەوەی هەزاران کۆچبەری هێناوە و رەوانەی سنووری نێوان وڵاتەکە و یەکێتی ئەوروپای کردوون تاوەکو بپەڕنەوە بۆ یەکێتییەکە، ئەوەش وەکو وەڵامێکی بۆ سزاکانی یەکێتییەکە بەسەر بیلاڕوسیا، لە بەرامبەردا مینسک ڕەتی دەکاتەوە بە مەبەست قەیرانەکەی دروستکردبێت.

دوێنێش، وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی عێراق و وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە "رێککەوتن لەسەر گێڕانەوەی کۆچبەرانی عێراقی کە لەسەر سنووری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا گیریانخواردووە بۆ عێراق بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە."

ماوەیەکە دیاردەی کۆچی هاوڵاتییانی هەرێم و عێراق بۆ بیلاڕوسیا و دواتر بۆ پۆڵەندا و وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێکردووە و کۆچبەران باس لەوەدەکەن، بەهۆی سەختی ژیان و نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن و خراپی دۆخی ئابوری و پەککەوتنی زۆرینەی کەرتەکانی ژیان روو لەو وڵاتانە و ئەو رێگا سەختە دەکەن.

کۆچی ئەمجارەی هاوڵاتیانی هەرێم جیاوازە و بە منداڵ و گەنج و پیرەوە لەسەر سنووری بیلاڕوسیان، لە چەند رۆژی رابردووشدا منداڵێک و مێردمنداڵێکی ١٤ ساڵ بەهۆی سەرماوە لەسەر هەمان سنور گیانیان لەدەستدا.













گەلەری