سەردێڕ:

بڵاوبوونەوەى چاوپێکەوتنێکى فوئاد حسێن لە کەناڵێکى ئیسرائیلى کاردانەوەى لێکەوتەوە

PM:03:06:22/11/2021

10228 جار خوێندراوەتەوە

بڵاوبوونەوەى چاوپێکەوتنێکى فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق لە کەناڵى ٢٤ى ئیسرائیلى کاردانەوەى لێکەوتەوە و ئاژانسێکى رووسى زانیارى لەبارەى ئاشکرا دەکات.


ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسى هەواڵى روسیا ئەلیەوم لەسەر زارى سەرچاوەیەکى عێراقى بڵاوى کردەوە "چەند رۆژنامەنووسێکى ئیسرائیلى وەک میدیایەکى فەڕەنسى خۆیان ناساندووە و دیدارێکیان لەگەڵ وەزیرى دەرەوەى عێراق ئەنجامداوە".

بەگوێرەى ئاژانسە روسییەکە سەرچاوە عێراقییەکە وتویەتى "ئەو چاوپێکەوتنەى کە کەناڵى ٢٤ى ئیسرائیل لەگەڵ فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق ئەنجامدراوە بەناوى میدیایەکى فەڕەنسییەوە نەک ئیسرائیلى لەگەڵى ئەنجامدراوە".

سەرچاوەکە وتوشیەتى "ئەو رۆژنامەنووسانەى کە چاوپێکەوتنەکەیان لەگەڵ فوئاد حسێن ئەنجامداوە وەک میدیاکارى کەناڵى ٢٤ى فەڕەنسى خۆیان ناساندووە، بەڵام دواتر دەرکەوتووە کە کار بۆ کەناڵێکى ئیسرائیلى دەکەن".

سەرچاوەکە ئاماژەى بەوە کرد "لە چاوپێکەوتنەکەدا وەزیر رەتیکردۆتەوە هیچ نیەتێک لەلایەن عێراقەوە هەبێت بۆ ئاسایکردنەوەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئیسرائیل و ئەگەر وەزیر بیشیزانیایە کە چاوپێکەوتنەکە بۆ کەناڵێکى ئیسرائیلییە بێگومان هەر هەمان هەڵوێستى دەبوو".













گەلەری